رونکردنەوەیەک لە وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە…
رونکردنەوەیەک لە وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە…
سەبارەت بەو زانیارییە نادروستانەی کە لەچەند ماڵپەڕ و ناوەندێکی میدیایی لەسەر زاری پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا بەناوی رەسووڵ رازی بڵاوکراونەتەوە، کە گوایە پارتی ٣٥٠ هەزار فەرمانبەری وەهمی لە حکوومەتدا هەیە و مووچەکانیان وەردەگرێت، سەرلەبەریان زانیاریی نادروست و وەهمین و بۆ خەڵکی عێراق بە گشتیی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتیی رادەگەینین کە ئەم زانیارییە نادروستانە هەوڵێکی پڕ لە چەواشەکارین، زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە خۆی وەهمییە و تەنیا بۆ خۆدەرخستن تۆمەتی داوەتە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستانەوە.
ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە نادروستانە لەلایەن رەسوڵ رازی و هاوشێوەکانی بۆ سەرنج لادانی خەڵکە لەو گەندەڵییە زۆر و زەوەندانەی لە کەرتەکانی سوپا و کارەبا و پڕۆژە وەهمییەکانی دیکەی خزمەتگوزاری لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق پەردەپۆش دەکرێن کە مەزندەدەکرێت سەدان ملیار دۆلاری لێ بەهەدەر درابێت و پارەکەیش چووەتە سەر حیسابی بەرپرسان و گیرفانی ئەو جۆرە بوختانچیانە و هاوشێوەکانیان، هەروەها هەوڵدەدەن بەم جۆرە تۆمەتانە زیاتر گرفت بخەنە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر و رەوشەکەش ناسەقامگیرتر بکەن، بۆئەوەی خۆیان لە ئاوی لێلدا ماسی زیاتر بگرن.
لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا سیستەمی بایۆمەتری بۆ تۆماری فەرمانبەران ئەنجام درا، هەرێمی کوردستان کار بەگوێرەی یاسا دەکات و فەرمانبەران موڵکی راستەقینەی حکوومەتن نەوەک هی حزبەکان بن.
مەحمود محەمەد
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
۲۷ی ۲ی ۲٠۱۸