ئومێد خۆشناو: بە پەسندكردنی یاساكە حكومەت دەتوانێت مانگانە مووچە بدات
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان پێیوایە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی مووچە . حكومەت دەتوانێت مووچە بەبێ پاشەكەوت بدات بە فەرمانبەران. گوتیشی ، پێشنیازێكی دیكەمان لە ماددەی 13دا جێگیركرا ، بۆ گرەنتی لە مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران و سوود وەرگرتن لەو پاشەكەوتە.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی ، مووچە ، دەرماڵە ، بەخشین و ئیمتیازەكانی دیكە رایگەیاند: “ئەو پرۆژەیاسایەی لە ماوەی رابردوودا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرا، كە خۆی لە 23 ماددە و 8 بەشدا دەبینێتەوە، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا. دواتر 6 لیژنەی پەرلەمانی راپۆرتی هاوبەشیان ئامادەكرد، دوای ئەوەی ماوەی چەند رۆژێكیشە گفتوگۆكان دەستیان پێكردووە، بە خۆشحاڵییەوە تاوەكو ئێستا 13 ماددە لە پڕۆژەیاسایەكە پەسندكراوە”.
هەندێك لە خاڵە جەوهەرییەكان كە تاوەكو ئێستا پەسندكراون بەگوتەی ئومێد خۆشناو لەوانە: “پاككردنەوەی لیستی شەهیدان و ئەنفالكراون و زیندانیانی سیاسییە، كە لە ماوەی رابردوودا گفتوگۆی زۆری لەسەر هەبوو، یەكێكی دیكە لە خاڵەكان هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی نایاسایی بوو، هاوكات كەمكردنەوەی مووچەی خانەنشینی پلە تایبەتەكان ، بەرزكردنەوەی خانەنشینی پلە نزمەكان ، نەهێشتنی فرە مووچەیی و یەكخستنی یەكە ژمێرییەكانی یەكە سەربازییەكان بە تایبەتی یەكەی 80 و 70 كە ئەمەش هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە”.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، دەڵێ: “ئێمە ئەمڕۆ وەكو فراكسیۆنی پارتی بە خۆشحاڵییەوە پێشنیازێكی دیكەمان لە ماددەی 13دا كرد، بۆ گرەنتی لە مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران و سوود وەرگرتن لەو پاشەكەوتە بۆ بەكارهێنان لەگەڵ حكومەت لە باج و روسومات ، پارەی ئاو و كارەبا، سوپاس بۆ فراكسیۆنەكانی دیكە و ئەندامانی دیكەی پەرلەمانیش كە پشتگیری ئەو بیرۆكەیەیان كرد، بە خۆشحاڵییەوە ئەم پێشنیازەش لە ماددەی 13دا جێگیركرا”.
سەبارەت بە بڕینی دەرماڵەی خاوەن پێداویستییەكی تایبەت ئەگەر لە حاڵەتێكدا فەرمانبەری حكومەت بێت، ئومێد خۆشناو، گوتی: “بەپێی یاسایەكە خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان گلەیی ئەوەیان هەبووە ئەوان لەو دەرماڵەیە بێبەش دەبن، بە دڵنیاییەوە ئێمەو ئەندامانی پەرلەمان و بەشێكی زۆر لە فراكسیۆنەكان كۆكین لەسەر ئەوەی لە ماددەكانی دیكە ئەو گلەییەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان چارەسەر بكەین”.
یەكێكی دیكە لە داواكارییەكانمان كە ئێمە لە ماددەكانی دیكە وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیخەینەڕوو ئەوەیە، كە ئەو بڕە پارەیەی وەكو تەخمینكراو لەلایەن وەزیری داراییەوە باسی لێوەكرا، بەپێی جێبەجێبوونی ئەو یاسایە بڕی 150 ملیار مانگانە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، ئەو بڕە پارەیە دەبێت گرەنتی ئەوەی پێبدرێت لەكاتی خۆی مانگانە هەر 30 رۆژ جارێك حكومەت لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بتوانێت مووچەی فەرمانبەران بەپێی ئەو پاشەكەوتەی هەیە بدات، واتە بە جێبەجێبوونی ئەو یاسایە حكومەت لەو گرفتانە دەربازی دەبێت مانگانە لە وادەی خۆی دەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات.