به‌رپرسی یه‌كه‌می پارتی له‌كه‌ركووك هۆشداری ده‌دات

به‌رپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌ركووك، هۆشداری ده‌دات له‌مه‌ر ته‌عریبه‌كانی كه‌ركووك، ده‌ركردنی ماله‌ كوردیه‌كان له‌و شاره و ده‌لێـ” دەستەڵاتدارانی كەركووك دەیانەوێ كورد لە كەركووك شاربەدەر بكرێت”.

د. محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركووك له‌باره‌ی ته‌عریبه‌كانی ئیداره‌ی داگیركراوی كه‌ركووك ده‌لێـ”ئیدارەی پارێزگای كەركووك لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و داگیركردنی كەركووك، بە ژمارەیەك گەڕەكی كوردنشینی كەركووكەوەی گرتووە و هەر جارەو بە بیانوویەك دەیانەوێ خانووی هاووڵاتیانی كورد تێك بدەن و شاربەدەریان بكەن، ڕۆژێك لە پەنجاعەلی و ڕۆژێك لە فەیلەق و گەڕەكە كوردییەكانی وەك شۆراو و كوردستان و تا كۆتایی، كە گەڕەك نەماوە هەڕەشەی لێ نەكرێت، ئەوەیش هەموو لە پێناو ئەوەی كوردن و دەیانەوێ دڵیان بشكێت و شارەكەیان چۆڵ بكەن”.

 

هه‌روه‌ها خورشید ئه‌وه‌شی به‌ مالپه‌ری فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، لە دوای داگیركاریی كەركووكەوە چەندین جار لە لایەن پۆلیس و ئیدارەی كەركووكەوە نووسراوی ئاگاداركردنەوە ئاراستەی هاووڵاتیانی كوردی نیشتەجێی كەركووك كراوە بە بیانووی دروستكردنی خانوو بە زێدەڕۆیی و، دەیانەوێ كورد دەربكرێت لە كەركووك، هه‌روه‌ها ده‌شلێـ”راستە تا ئێستا هیچ گەڕەكێك تێك نەدراوە، بەڵام دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق ژمارەیەكی زۆری ئاوارە كە هێشتا قەرەبوویش نەكراونەتەوە، بە ناچاری خۆیان هەندێك خانوویان بۆ نیشتەجێبوون پێكەوە ناوە، كەچی ئێستا بەو هەڕەشانە دەیانەوێ تێكیان بدەن، ئەم ڕەفتارەی پارێزگار و ئیدارەی ئێستای كەركووكیش، جێگەی قبووڵكردن نییە و زۆرهێنان بۆ كورد، هیچ لە كوردستانیبوونی كەركووك ناگۆڕێت”.

 

Back to top button