ساڵح موسلم وڵاتی چیكی بەجێهێشت
دوای سێ رۆژ لە دەستگیر كردنی و دوێنێ دادگای چیك بە كەفالەت سالح مسلیم هاوسەرۆكی پێشووی (پەیەدە)ی ئازادكرد, پارێزەرەكەی سالح موسلیم رایگەیاند كە ئەمڕۆ ساڵح موسلم خاكی وڵاتی (چیك)ی بەجێهێشت، بەڵام لە گەشتە ئەوروپییەكەی بەردەوام دەبێت.
میرۆسلاڤ كرۆتینا، پارێزەری ساڵح موسلم، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتیی دیموكراتی (پەیەدە)، ئەمڕۆ چوارشەممە 28/ 2/ 2018 بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “ساڵح موسلم كارنامەیەكی چڕی هەیە لە ئەورووپا و تێیدا چاوی بە ژمارەیەك سیاسەتمەداری ئەورووپا دەكەوێت و لەگەڵیاندا تاوتوێی پرسە پەیوەستدارەكان بە جەنگی داعش و دۆخی كورد لە سووریا، دەكات”.
پارێزەرەكە ئاماژەی بەوەشدا، كە دەستگیركردنی سەركردە كوردەكە لە پراگ، بەشێك لەكارنامەكەی پەكخست، گوتیشی: “لەناو سنووری یەكێتی ئەورووپا دەمێنێتەوە، ئەوەش وەك جێبەجێكردنی بڕیاری دادگا كە دوێنێ سێشەممە دەركرا”.
بڕیاری ئازادكردنی ساڵح موسلم، توركەكانی تووڕە و نیگەران كرد، بەتایبەت كە سەركردە باڵاكانی ئەو وڵاتە بەبەردەوامی ڕایان دەگەیاند، كار دەكەن لەسەر وەرگرتنی ساڵح موسلم.
ساڵح موسلم، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتیی دیموكراتی (پەیەدە)، ماوەی دوو ڕۆژ لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی وڵاتی چیكەوە دەستگیر كرا و دوێنێ سێشەممە بە بڕیاری دادگا ئازاد كرا، دوای ئازادكردنی بە ئاژانسی هەواڵەكانی (ڕۆیتەرز)ی ڕاگەیاند: “تۆمەتەكانی توركیا بەرامبەرم، دوورن لە راستییەوە و هەمووی درۆ و چەواشەكارییە”.