خامەنەئی بەم نزیكانە لە ئۆرشەلیم نوێژی بەكۆمەڵ دەكەن
لە میانەی سەردانێكی وەزیری ئەوقافی سوریا بۆ لای عەلی خامەنیەی رابەری باڵای ئیسلامی ئێران, ئەمڕۆ پێنج شەممە 1/ 3/ 2018، خامەنەیی سەرۆكی ڕژێمی سووریای بە “خەباتگێڕێكی گەورە” ناوبرد وجەختیشی كردەوە، كە بەم نزیكانە، لە “ئۆرشەلیم” نوێژی بەكۆمەڵ دەكەن.
عەلی خامەنەئی، ڕابەری باڵای ئێران، لە كاتی پێشوازیكردن لە محەمەد عەبدولستار، وەزیری ئەوقافی سووریا و شاندێك لە زانایانی ئاینیی ئەو وڵاتە، گوتی: “سووریا ئەمڕۆ لەهێڵی پێشەوەیە، بۆیە ئەركی سەر شانی ئێرانە پشتیوانیی لێبكات”.
بە وەزیری ئەوقافی سووریای گوت: “بەم نزیكانە لە ئۆرشەلیم (قودس) نوێژی بەكۆمەڵ دەكەن”. هەروەها گوتیشی: “گەر سەركردەكان و گەلانی ناوچەكە بڕیاری بەرگریكردن بدەن، ئەوكات دوژمنیش ناتوانێت كاری بێمێشكانە بكات”.
لەبارەی وڵاتەكەشییەوە، ڕای گەیاند: “هێزە جیهانییەكانی وەكو ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیاتی جاران و ناتۆ و عەرەب شان بەشانی یەك دژمان وەستانەوە، بەڵام ئێمە نەكەوتین، ئەمەش مانای وایە، مەرج نییە هەرچی زلهێزەكان بیانەوێت بێتە دی”.