ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی: نامەكەی هێرۆ پێش بگاتە دەستی كۆسرەت رەسوڵ بڵاوكراوەتەوە

دوای ئەوەی هێرۆ ئیبراهیم نامەیەكی ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ كرد, كۆسرەت رەسوڵ بە توندی وەڵامی نامەكەی هێرۆی دایەوە كە پڕبوو لە هەڕەشە,ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، كەسی یەكەمی باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی، ”بە نیەتی بڵاوكردنەوە“ نامەی بۆ كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی حزبەكەی ناردووە.

حەمەی حەمە سەعید، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕایگەیاند، ھەموو حزبێكی سیاسی لەكاتی ئاسایی خۆیدا كۆنگرە دەبەستێت، بەڵام یەكێتی بەدرێژایی مێژووی سیاسیی خۆی، ”تەنھا 3 كۆنگرەی بەستووە، ھەرچەندە پێشتر ھەوڵی بەستنی كۆنگرەی داوە، بەڵام چەند شتێك ھاتووەتە پێشەوە، ھۆكاری ئەوە بووە كە یەكێتی نەتوانێ كۆنگرە ببەستێ، بێگومان یەكێك لەو ھۆكارانە خۆی لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی و كۆچی دوایی مام جالال دەبینێتەوە، دواجار ئەو كێشە و ململانێیانە تا ھەنووكە چارەسەر نەكراون، بۆیە كۆنگرەی یەكێتی پەكخراوە“.

ئەوەشی ڕوون كردەوە كە حزبی سیاسی لە ھەموو دنیا ”تەنھا بۆ چەند شتێكی دیاری كراو كۆنگرە دەبەستێت، بەتایبەتی چارەسەركردنی ھەڵە و كەموكورتییەكان و ھەڵبژاردنی سەركردایەتییەكی نوێ و پێداچوونەوە بە پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆی ئەو حزبە. گوتیشی: “ھەر حزبێك كێشە و ململانێكانی خۆی بەڕێكەوتن چارەسەر كردبێت، دواتر چووبێتە كۆنگرە، بیگومان لە كۆنگرەدا سەركەوتوو بووە، بەڵام ھەر حزبێك كێشە و گرفتی ھەبووبێت، بەڵام پێش بەستنی كۆنگرە ھەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی خۆی نەدابێت، یان بەو كێشانەوە چووبێتە كۆنگرەوە، دواتر بە پارچەپارچەیی ھاتووەتە دەرەوە“.

بە بڕوای حەمەی حەمە سەعید، ئەگەر یەكێتی لە دەرەوەی كۆنگرەدا بتوانێ ڕێككەوتن لەبارەی كێشەكانی بكات، ئەوا لە كۆنگرەدا دەتوانێ كێشەكانی چارەسەر بكات. دووپاتیشی كردەوە: ”ئێستا ھەر گرووپ و تاقمێك یان ھەر بەرپرسێك لەناو یەكێتی باسی بەستنی كۆنگرە بكات، تەنھا بۆ موزایەدەی سیاسی دەكات، چونكە ئێمە ھەموومان دەزانین كێشەمان ھەیە و ناتوانین لەم كاتەدا كۆنگرە ببەستین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە نزیك بووینەتەوە لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق، یەكێتی فریای بانگەشەی ھەڵبژاردن ناكەوێت، ئیتر كۆنگرەی چی دەكات؟ بۆیە ئەگەر یەكێتی دەیەوێت كێشەكانی بنبڕ بكات، پێویستە ئێستا باس لە بەستنی كۆنگرە نەكات، تاوەكوو دوای ھەڵبژاردنەكان، ئەگەر لە ھەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنی بەدەستھێنا، باشتروایە ئەوكاتە كۆنگرەیەكی سەركەووتو بەستن“.

ئەو سەركردەیەی یەكێتی باسی لە نامەكەی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد كرد و گوتی: ”هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەیتوانی نامە بۆ كۆسرەت ڕەسوڵ بنێرێت، بەڵام نامەكەی بڵاو نەكاتەوە، بەڵام پێش ئەوەی نامەكە بە كۆسرەت ڕەسوڵ بگات، بڵاو بووەتەوە، بێگومان ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، بەنیەتی بڵاو كردنەوە نامەكە نووسراوە، بۆیە كۆسرەت ڕەسوڵ بەتوندی وەڵامی نامەكەی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدی داوەتەوە“.

Back to top button