سیناتۆرێكی ئەمریكی: ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆ زۆر نزیك بۆتەوە
دوای ئەوەی كە هەرێمی كوردستان لە 25ـی ئەیلول ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی سازدا, هاوڵاتیان بە رێژەی 92.7 بەلێی سەربەخۆییان كرد, سیناتۆرێكی ئەمریكیش ڕای دەگەیەنێت، دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆ و ئازاد “زۆر نزیكە”، داواشی لە وڵاتەكەی كرد، پشتیوانی گەلی كورد بكات.
تید كرۆز، كە ئەندامی ئەنجومەنی پیرانە لەسەر ویلایەتی تەكساس، گوتی: “كورد دۆستی ئێمەن و لەكاتە دژوارەكاندا لەگەڵ ئەمریكا بوون و بەهەموو شێوەیەك قوربانی گەورەیان داوە، بۆیە بە تەواوەتی پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆ دەكەم”.
ئەو سیناتۆرە، بەیەكێك لەو سیاسەتمەدارە ئەمریكییانە دەناسرێت، كە ماوەیەكی زۆرە پشتیوانیی لە كورد دەكات و چەندین جار لە كۆنگریس بەرگری لە پرسەكانی كوردستان كردووە.
كرۆز، گوتیشی: “بەدرێژایی ماوەی ویلایەتەكەم لە ئەنجومەنی پیران، هەوڵم داوە بە دەنگی بەرز پشتیوانیی لە مافەكانی گەلی كورد بكەم و بەردەوامیش دەبم لەبەرگریكردن لە مافەكانیان”.
هەروەك ڕووداوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەری كەركووكی بە “هەڵسوكەوتی دوژمنكارانە” وەسفكرد و بەهەڕەشە بۆ سەر سەلامەتی هاوپەیمانەكانیان، دەزانێت.
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر، كەركووك كەوتە ژێر دەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق، دواتر هەریەك لە كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و فەرماندەی یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئاشكرایان كرد كە گرووپێكی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێككەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق كردووە و بەو هۆیەوە سەدان پێشمەرگە و هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون و نزیكەی 200 هەزار كەسیش ئاوارە بوون.
سیناتۆرە ئەمریكییەكە داوای لە بەغدا كرد، هەوڵەكانی بۆ هاندان دژ بە گەلی كوردستان ڕابگرێت. جەختیشی كردەوە، كە نابێت وڵاتەكەی ڕێگە بدات چەك و كەرەستەی ئەمریكی لەلایەن میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانەوە، دژ بە كوردستان بەكار بهێنرێت.