كورد پرسی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ دەكەن
دوای ئەوەی حكومەتی عێراق لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی كەمكردەوە, پڕۆژەكە بووە مایەیی نیگەرانی كورد و فراكسیۆنە كوردەكانی پەرلەمانی عێراق بە هۆیەوە دوو كۆبوونەوەی پەرلەمانی پەیوەست بە بودجەی بایكۆت كردووە, لە ئەگەری پێداگیری حكومەتی عێراق لە كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم, فراكسیۆنە كوردییەكانیش هەڕەشەی بەكارهێنانی كارتی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی دەكەن.
هەرچەنده سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڵێنی بە كورد دابوو، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، پڕۆژە یاسای بودجە نەخاتە دەنگدانەوە، بەڵام دوای تەواوبوونی رێژەی یاسایی دانیشتنەكان ئەو پرسە خرایە دەنگدانەوە و بەزۆرینە لە كۆی 46 مادەی پڕۆژەكە، 12یان پەسندكران , دانیشتنەكەش دواخرا بۆ رۆژی شەمەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو.
بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە، بڕیاره فراكسیۆنە كوردییەكان لەگەڵ سەركردایەتی حزبە سیاسییەكان كۆببنەوە و بڕیاری كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی وەك كارتێكی فشار بەرامبەر بەغدا بەكاربهێنن.
بە گوێرەی ئەو ماددانەی پەسندكراوون، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ئیتیحادی لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان تەرخان دەكرێت.
هەروەها پێویستە لەسەر هەرێمی كوردستان، رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە هەناردەی توركیا بكات.