ئەشواق جاف: لە بەغدا بە ئێمەیان دەگوت, دوای داعش نۆرەی ئێوەیە دەتان نێرینەوە شاخ
لە ئێستادا عێراق بەهەموو شێوەیەك دەیەوێت پێگەی كورد لە كابینەی داهاتووی عێراق, بە پێگەیەكی لاواز بچێتە نێو حكومەت بۆیە لە رێگای سەربازی و ئابلوقەی ئابووری هێڕشی سەركوردستانی كرد, پەرلەمانتارێكی پارتیش پێی وایە، ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی عیراق بەرامبەر بە كورد دەكرێت بەر لە ریفراندۆم پلانی بۆداڕێژراوە.
ئەشواق جاف پەرلەمانتاری پارتی لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاندووە:” ڕەتی دەكاتەوە هەڵوێستی ئێستای لایەنە عیراقیەكان بەرامبەر بە كورد بەرهەمی ریفراندۆم بێت، وتیشی” ئەوەی ئێستا جێبەجێ دەكرێت بەر لە ریفراندۆم پلانی بۆ دانراوە و زۆر لەوەو پێش لە بەغدا بە ئێمەیان دەوت “چاوەڕێ بكەن دوای داعش نۆرەی ئێوەیە و دەتاننێرینەوە بۆ شاخەكان”.
جەختیشی كردەوە، لەبەر ئەوە ریفراندۆم ئەنجامدراوە، چونكە كورد دڵنیابووە كە عیراق هێز دەنێرێتە سەر ناوچە جێناكۆكەكان.
هاوكات ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، باسی لەوەشكرد، “تەنها ئەوانەی شكستیان خواردووە و بە تەمای كۆكردنەوەی چەند دەنگێكی زیادەن لە هەڵبژاردنەكان باس لەوەدەكەن كە هەڵوێستەكانی ئێستای حكومەتی عیراق بەرامبەر بە كورد بەرهەمی ریفراندۆمە”.