دواین زانیاری له‌باره‌ی دۆخی ناو كه‌ركووك له‌زاری سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك

جوان حه‌سه‌ن سه‌رۆكی لێژنه‌ی مافی مرۆڤ له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك له‌باره‌ی دۆخی كه‌ركووك دوایی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌لێـ” رەوشی كەركووك بە شێوەك تێك چووە، لە شەودا خەڵك تەنانەت وای لێ هاتووە ناتوانن بە ئارامی بخەون و، ترسیان هەیە هەر كە خەوتن كۆمەڵێك چەكدار هەڵبكوتنە سەریان. دەشڵێ، ئەو هێزانەی لە كەركووكن، تەنیا خۆیان دەپارێزن تا هیچیان بەسەر نەیەت”.

هه‌روه‌ها ئه‌م ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگایی كه‌ركووك ده‌شلێـ”رۆژانە زانیاری لەبارەی رووداوەكانی كوشتن و پێشێلكاری دەگاتە لیژنەی مافی مرۆڤ، بە داخەوە رەوشی كەركووك یەكجار ئاڵۆزە و لە رۆژدا هەندێك باشترە، بەڵام لە شەودا خەڵك تەنانەت وای لێ هاتووە ناتوانن بە ئارامی بخەون و ترسیان هەیە هەر كە خەوتن كۆمەڵێك چەكدار هەڵیانبكوتنە سەر، یانیش هەواڵی هێرشی داعش بۆ ناو كەركووك هەیە و لای هاووڵاتیان ئەوەیش زیاتر دڵەڕاوكێی پەیدا كردووە، ئێمە دەبیستین رۆژانە هاووڵاتیی سڤیل دەبێتە قوربانی، نكۆڵی لەوە ناكرێت رەوشی كەركووك مەترسیدارە و، بە داخەوە ژیانی خەڵك لە مەترسیدایە”.

رەوشی كەركووك دوای داگیركاریی 16ی ئۆكتۆبەر بە تەواوی تێك چووە و، رۆژانە بە هۆكاری جیاواز هاووڵاتی دەكوژرێن و دەڕفێندرێن، داعش و حەشد، رێگر و دز و جەردە تێكەڵ بوونە و وەك بەرپرسانی شارەكە ئاماژەی بۆ دەكەن، كەس بە كەس نییە.
سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ گوتیشی: “راستە خەڵكێكی زۆر دەستگیر دەكرێت لەسەر تاوانەكان، بەڵام رووداوی پێشێلكاری و تاوان ئەوەندە زیادیان كردووە هەموو سنوورێكیان تێپەڕاندووە، مەلەفی ئەمنیی شاری كەركووك لەدەست خەڵكی دیكەیە وەك پۆلیسی فیدڕاڵ و دژەتیرۆری عێراق، ئەوانیش شارەزای خەڵكی شارەكە نین و، ئەوانەی تاوان ئەنجام دەدەن، بە رێككەوتن بێت یان هەر شێوەیەكی دیكە، خۆیان دەرباز دەكەن دوای ئەنجامدانی تاوان”.
ئەو هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: “لاوازیی هێزەكانی كەركووك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە، خەڵكی ناوچەكە نین و تەنیا دەیانەوێ خۆیان بپارێزن و بێئاگان لەوەی چی دەگوزەرێت لە كەركووك و لە خەمی تێكچوونی رەوشی ئەمنیدا نین، بە داخەوە هاووڵاتیان زۆر بێدەنگن و ناتوانن ناڕەزایی دەرببڕن، ئینجا لە ترسی ئەو دەستەڵاتەی شارەكەیانە یان هۆكاری دیكەی هەیە، لەبەر ئەوەیش دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، شتێك بە دی ناكرێت بە ناوی مافی مرۆڤ لە كەركووك”.
Back to top button