موسەنا ئەمین: كاتی ئەوەھاتووە كورد لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا بكشێتەوە
دوای ئەوەی ئەمڕۆ بە بێ حسابكردن بۆخواستی كورد بە زۆرینەی و كەمینە یاسایی بودجەی گشتی عێراق تێپەڕێندرا, پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران عێراق رای گەیاند، كاتی ئەوە ھاتووە، كورد لە پڕۆسەی سیاسی عێراق بكشێتەوە
موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی ، ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی فراكسیۆنە كوردستانییەكان، بودجەی ساڵی ٢٠١٨ی تێپەڕاند، پێویستە سەركردایەتیی سیاسی كورد بە ھەموو پێكھاتەكانیەوە، بەتایبەتی پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار و سەرجەم وەزیرەكانی، بە ئامادەبوونی پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی گرنگ ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات”.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو، ئەوەشی خستە روو، ئێستا بارودۆخێكی نوێی سیاسی لە عێراقدا دروست بووە، ھەموو شتێك بەسەر گەلی كوردا سەپێندراوە، بەجۆرێك ڕێز لە ئیرادەی پێكەوە ژیانی پێكھاتەكان ناگیرێت، لەكاتێدا پێویستە كورد وەكو پێكاتەیەكی سیاسی ھەڵوێستی خۆی ھەبێت، بەڵام ئێستا ھەموو شتێك بەسەر گەلی كورد سەپێندراوە و پێویستە چارەسەرێكی گونجاو بۆ تێپەڕاندی بودجە بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی بزانین ئەمانە تاوەكو كەی بێڕێزی بە وجودی كوردەوە دەكەن.
ئاشكراشی كرد، كە كاتی ئەوە ھاتووە كە كورد بڕیاری یەكلاكەرەوە لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، ئەویش بە كشانەوەی بێت لە پڕۆسەی سیەسی عێراق یان ھەر شتێكی دیكە، بەڵام ئەوەش پێویستی بە ڕاوێژی لایەنە سیاسییەكان ھەیە.