پوتین: مووشەكی(سەڕماتی) ئاشكراكرد كە مەترسیدارترینی جیهانە

ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی رووسیا، لە كاتی پێشكەشكردنی پەیامی ساڵانەی خۆیدا، كە سەرجەم بەرپرسانی فیدراڵی رووسیا ئامادەبوون، نوێترین بەرهەمەكانی چەك و موشەكی كیشوەربڕی هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی بە ناوی (سەڕمات) خستەروو، كە هیچ سیستەمێكی بەرگری موشەكی ناتوانێت بەرەنگاری بێتەوە، بەرپرسێكی رووسیاش دەڵێت پەیامەكەی پوتین بۆ ئەمریكا بووە.
ئەلێكسی پوشكۆڤ، ئەندامی ئەنجوومەنی فیدراڵی رووسیا رایگەیاند: “كاتێك بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن، رووسیا دووژمنە و دژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایه و پێویستە بوەستێندرێت، ئایا ئەمە ئامادەكاری نییە بۆ شەڕ؟ كاتێك ئەوان بەرهەم و چەكە ئەتۆمەكانیان پیشاندەدەن، ئایا ئەمە ئامادەكاری نییە بۆ شەر؟ كاتێك ئەوان سیستەمی خۆیان لە پۆڵشۆ و رۆمانیا و ئاوەكانی دەورووبەری رووسیا پەرەپێدەدەن، ئایا ئەمە ئامادەكاری نیە بۆ شەر؟ بەڵێ ئەمانە هەموو ئامادەكاریین بۆ شەڕ، ئەمڕۆ ئامادەكاری و وەڵامی ئێمە بۆ هەرجەنگێك نیشاندرا، ئەو ئامادەكارییانەی ئێمە بۆ شەڕ نییە، بەڵكو بۆ كۆتایی پێهێنانی جەنگە”.
بڵاوبوونەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، رۆژ دوای رۆژ پەیوەندییەكانی مۆسكۆ و واشنتن دەباتە قۆناغی هەستیارترەوە، شارەزایەكی سەربازیش پێی وایە ئەمریكا و ناتۆ سەرقاڵی گەمەیەكی مەترسیدارن.
كەنستەنتین سیڤكۆڤ، ئەندامی ئەكادیمیای سەربازی رووسیا گوتیشی: “نزیك كەوتنەوەی ئەمریكا و ناتۆ لە سنوورەكانمان، هەڕەشەیەكی زۆر گەورەیە بۆسەر رووسیا، نابێت ئەوە لە بیر بكرێت كە لە باڵتیك تا سانت پیتەربورگ 300 كیلۆمەترە، لەهەر حاڵەتێكی سەركەوتنیشاندا، ئەم هێزانە لەماوەی 10 رۆژدا دەتوانن بگەنە سانت پیتەربورگ، وە ئێمە دەزانین كە ئەمریكا و ناتۆ مەبەستیان لێدانی رووسیایە، لە هەمووی گرنگتر بەراورد كردنی هێزی سەربازی نێوان ئەمریكا و رووسیایە ، كە ئەمریكا و ناتۆ لە هەندێ رووەوە توانایان زیاترە، هەربۆیە لەهەر حاڵەتێكی هێرشی ئەمریكا و رۆژئاوا بۆ سەر رووسیا، بێگومان رووسیا چەكی ئەتۆمی بەكاردەهێنێت و یەكەم گورزشی لێدانە لە بنكە ئەتۆمیەكانی ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا و خاپوركردنیانە”.