توركيا: 41 سەربازمان كوژران
دوێنێ بۆ سوپای توركیا، رۆژێكی سەخت بوو، بە هۆی ئەوەی بە دانپێدانانی رەسمی سوپا، 8 سەرباز كوژران، بەڵام روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، 15 سەرباز كوژراوون.
ئامارەكانی پەیوەست بە زیانی گیانی ریزەكانی سوپای توركیا و میلیشیا هاوپەیمانەكانی روون نین.
چالاكان لە رێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە رەخنە لەو ئامارانە دەگرن، كە سوپای توركیا بڵاویاندەكاتەوە.
هاوكات، یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، كە بەرگری لە عەفرین دەكات، ژمارەی زیاتر لە بارەی زیانی گیانی ریزەكانی سوپای توركیا و میلیشیا هاوپەیمانەكانی بڵاودەكاتەوە.
لە نوێترین پێشهاتدا، ئەمڕۆ هەینی 2ی ئازار/ مارسی 2018، وەزیری بەرگری توركیا نورەدین جانیكلی، رایگەیاند، لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا 157 سەرباز و چەكداری هاوپەیمانی توركیا كوژراوون.
گوتیشی: لەو ژمارەیە، 41یان سەربازی سوپای توركیان و 116 كوژراویشیان سەر بە سوپای ئازادی سووریان، كە هاوپەیمانی سوپای توركیایە.
ئەم ئامارە لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین پێی ناوەتە رۆژی 42ەمییەوە.
توركیا بانگەشەی ئەوە دەكات لە ماوەی ئەو 42 رۆژەدا توانیویەتی 28 پێگە و 95 گوند و ئاوایی هێڵی سنووریی نێوان سووریا و توركیا لە باكوور و رۆژئاوای شاری عەفرین كۆنترۆڵ بكات.
سوپای توركیا لە 20ی كانوونی دووەم/ یەنایری 2018ەوە بە پشتیوانی زیاتر لە 25 هەزار چەكداری گرووپە میلیشیاییە ئیسلامییەكان و سوپای سووریای ئازاد، هێرشی بۆ سەر كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە.