نێچیرڤان بارزانی: پرسیارێك رووبه‌روی ئه‌مریكیه‌كان ده‌كه‌مه‌وه‌

له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌ی خۆی دا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌، 4ی 3ی 2018، له‌ رایگه‌یاند”سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان كرد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه‌ ته‌واوی هه‌وڵی خۆیاندا بۆ جێگیركردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی 2018ی عێراقدا، له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی به‌غدا له‌مه‌ر هه‌رێم و بێده‌نگی ئه‌مریكا نێچیرڤان بارزانی گوتیشی ئه‌گه‌ر ئه‌مریكیه‌كانم بینی پێان ده‌لێم، ئێوه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا راتانگه‌یاند هه‌رێمی كوردستانێكی به‌هێزمان ده‌وێت له‌ناو عێراق دا ئه‌رێ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمێكی به‌هێز”.

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی نیگه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی ده‌ربڕی، كه‌ به‌بێ ویستی كورد پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا دیاریكراو یاساكه‌ش په‌سه‌ند كرا و پره‌نسیپی شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق پشتگوێخرا، هه‌روه‌ها گووتی، ئه‌و بڕیاره‌ش زۆر جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان. جێی نیگه‌رانییه‌ كه‌ ئه‌و پشكه‌ی دیاریكراوه‌، ناتوانرێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وتیشه‌وه‌ بدرێت، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی لایانه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی”بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی را و چۆوونی هه‌موو لایه‌كان وه‌ربگیرێت و جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ كه‌ هه‌مووان كۆده‌نگ بوونه‌ و بیریان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبایه‌تی نه‌كرده‌وه‌، هیوادارین به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور، چاره‌سه‌ری پێویست بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ بدۆزرێته‌وه‌.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌م كێشانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ عێراق تووشی بووه‌، له‌ ئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌ له‌ پشتگوێخستنی پێكهاته‌یه‌كی گه‌وره‌ بووه‌، بێگومان به‌و شێوه‌یه‌ش عیراق سه‌قامگیر نابێت، مه‌رجی یه‌كه‌میش ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان بكرێت، روونیشی كرده‌وه‌ ده‌بێت به‌ وردی بیر له‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش بكرێته‌وه‌.ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وان به‌رده‌وامن له‌ گفتوگۆكردن و روونی كرده‌وه‌، هاووڵاتییانی كوردستان پێشتر بڕوایان به‌ به‌ڵێنه‌كانی به‌غدا هه‌بوو، حكوومه‌تیش بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ده‌ستووره‌ی هه‌مووان قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌رچی پێویستبوو كردی، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئێستا گله‌یی له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ناكرێت كه‌ ئه‌و هه‌موو به‌ڵێنه‌یدا و هیچیشی جێبه‌جێ نه‌كرد؟.

هه‌روه‌ها بارزانی راشیگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌ كراوه‌ و دانیشتووین بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكرێت، ئه‌گه‌ر پرسیاریش بكرێت له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی كێشه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ بنبه‌ست و چاره‌سه‌ریان نه‌ماوه‌، نه‌خێر هێشتا بێئومێد نه‌بووینه‌ و ئومێدم هه‌یه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، له‌ باره‌ی مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ كورد وه‌ك كه‌مینه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مان عێراق، رایگه‌یاند، ئێمه‌ عێراقی نوێمان له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت دامه‌زراند، له‌ نێوان كورد عه‌ره‌ب شیعه‌ و مه‌سیحییه‌كان و ته‌واوی نه‌ته‌وه‌كان، ئێمه‌ له‌ پێناو یه‌كێتی خاكی عێراق و یه‌كگرتوویی خاكه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی پێمان كرا كردمان، چونكه‌ ئێمه‌ بڕوامان وابوو له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق ته‌واوی مافه‌كانی كورد ده‌سته‌به‌ر كراوه‌، روونیشی كرده‌وه‌، ئێمه‌ پێش 2003 راسته‌ ئه‌نداممان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان نه‌بوو، به‌ڵام هه‌موو شتێكمان سه‌ربه‌خۆ بوو و ئاسایش و هێزی تایبه‌تی خۆمان هه‌بوو.

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی گوتیشی”ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ پابه‌ند نه‌بوونه‌ به‌ ده‌ستوور كه‌ كێشه‌ی درووست كردووه‌، ئه‌گه‌رچی هه‌موو كێشه‌كان به‌غدا نییه‌، به‌ڵام به‌رپرسی یه‌كه‌مه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ده‌ستووره‌، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر عێراق ئاوه‌دان و خۆشگوزه‌ران بێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ به‌ ئاشتی بژی، قه‌ت چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر ئه‌ساسی زۆرینه‌ی كه‌مینه‌ نابێت، به‌ڵكو له‌ رێگه‌ی ته‌وافوق ده‌بێت، ده‌بێت بۆ داهاتوو روانگه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ ده‌ستوور چه‌سپێندراون، ده‌بێت ئه‌و لۆژیكه‌ی ئێستا هه‌یه‌ نه‌مێنێت، ئه‌ویش لۆژیكی كێ به‌هێزه‌ و كێ لاوازه‌یه‌‌.

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌بادی گوتیشی” له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ عه‌بادی، له‌ میونشن و پێشتریش له‌ داڤۆس، رایگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌كان باش بوون، بۆچوونی ئه‌وان وایه‌ كه‌ كێشه‌كان تا ئێستا و به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن هه‌موو كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر نابن، به‌ڵكو ته‌نها كێشه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و مووچه‌ هه‌وڵی بۆدراوه‌، تا ئێستا له‌سه‌ر هێڵن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و گفتوگۆش به‌ دیتن و ته‌له‌فۆن به‌رده‌وامن و تا ئێستا هیوا ئه‌وه‌یه‌ ده‌توانین هه‌ندێك له‌و شتانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، ئه‌گه‌ر هیواش نه‌ما بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌وا به‌ روونی ده‌یخه‌ینه‌ روو.ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنیش رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر زووتر هه‌ڵبژاردن بكرێت ده‌بێت گۆڕانكاری له‌ یاسادا هه‌بێت، بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش پاڵپشتی هه‌موو فراكسیۆنه‌كه‌مان به‌ده‌ست نایه‌ت، به‌ پێكهاتن رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ دوای دیدار له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌، رۆژه‌كه‌ دیاری ده‌كه‌ین.

نێچیرڤان بارزانی گووتی: “ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش ببینم پێیان ده‌ڵێم، ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی ده‌رتان كردووه‌، ئێوه‌ ده‌ڵێن حكوومه‌تێكی به‌هێزی هه‌رێممان ده‌وێ، پێیان ده‌ڵێم ئایا ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێستای ئێوه‌ په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی به‌هێزتان ده‌وێ؟، هه‌روه‌ها گوتیشی  له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ به‌رده‌وام ده‌بین، ئامانجیش لێی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتییانه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك بنه‌مایه‌ك چاوی لێده‌كرێت، به‌ گوێره‌ی ئه‌و داهاته‌ی دێته‌ ده‌ست هه‌رێمی كوردستانیش، مووچه‌ دابه‌ش ده‌كرێـت، روونیشی كرده‌وه‌، دوای كه‌ركووك داهاتی هه‌رێم بووه‌ته‌ نیوه‌ و كه‌متریش، له‌ باره‌ی داخستنی فڕۆكه‌خانیش رایگه‌یاند، داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان به‌ڕووی گه‌شته‌ ناوخۆییه‌كان له‌ ئارادا نییه‌ و هه‌موو هه‌وڵی ئێمه‌ بۆ كردنه‌وه‌ گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ر نه‌بوونی كێشه‌كان، رایگه‌یاند، تا ئێستا بێهیوا نه‌بوون‌ له‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بن، به‌غدا هی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ی ئێستا نییه‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتن، به‌ غدا هی هه‌مووانه‌ و ئه‌وانیش ده‌بێت رۆڵی خۆیان له‌و باره‌یه‌وه‌ ببیینن.

بارزانی ده‌شلێـ”له‌ باره‌ی بوودجه‌وه‌ روونی كرده‌وه‌، كێشه‌كه‌ ته‌نها به‌شه‌ بوودجه‌ و ناردنی پاره‌ نییه‌، به‌ڵكو وه‌لانان و تێكدانی مه‌بده‌ئی ته‌وافوقه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌سته‌مه‌ درووستبكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی بیروبۆچوونی هه‌رێمی كوردستانن، له‌وه‌ زیاتر ده‌بێت به‌ چ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵوێست ده‌رببڕن، چونكه‌ ئێمه‌ش پاڵپشتی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ده‌كه‌ین، له‌ باره‌ی داواكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، گوایه‌ پاره‌ی نه‌وتی عێراقه‌، رایگه‌یاند، بڕیك پاره‌ له‌ پترۆدۆلار كه‌ بۆ كه‌ركووك بووه‌ له‌ بانكه‌كان ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ش لێره‌یه‌ و رێكاری خۆی هه‌یه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ پرۆژه‌كانی كه‌ركووك و خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان.

له‌ باره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركووك، رایگه‌یاند، نه‌وتی كه‌ركووك، كه‌ له‌ كێڵگه‌كانی بای حه‌سه‌ن و ئاڤانه‌ ده‌هات، له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ راوه‌ستاوه‌، ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كرێت به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێم ئه‌و نه‌وته‌ له‌ رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت، ئێمه‌ش ئاماده‌ین بۆ رێككه‌وتن، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، رێككه‌وتن هه‌یه‌ بۆ ره‌وانه‌كردنی نه‌وته‌كه‌ به‌ تانكه‌ر، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، تا ئێستا ئه‌و رێككه‌وتنه‌ كاری پێناكرێت و نه‌كه‌وتووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی”له‌ باره‌ی پابه‌ند بوون به‌ شه‌راكه‌ت رایگه‌یاند، ئێمه‌ به‌و بنه‌مایه‌ پابه‌ندین، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی تێپه‌ڕاندنی یاسای بودجه‌ ده‌ركه‌وت به‌غدا پابه‌ند نییه‌ و ئه‌و شه‌راكه‌ته‌یان به‌ لاوه‌ گرنگ نییه‌، له‌ باره‌ی وردبینی فه‌رمانبه‌ران رایگه‌یاند، ئێمه‌ به‌ سیستمی بایۆمه‌تری پێشتر كراوه‌، به‌ڵام دیاره‌ نایانه‌وێ، پێشتریش به‌ عه‌بادیم راگه‌یاندووه‌، پێشتر پێشینه‌یه‌ك بنێردرێت، وه‌ك ره‌زامه‌ندی، ره‌زامه‌ندیشی نیشانداوه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ نه‌نێنردراوه‌، روونیشی كرده‌وه‌، تا ئێستا هیچ رێككه‌وتنێك وه‌ك رێككه‌وتن نه‌كراوه‌، به‌ڵام ده‌توانین یارمه‌تییان بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌، نه‌وته‌كه‌یان له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ هه‌نارده‌ بكه‌ین، له‌ باره‌ی خاڵی ناكۆكی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌رنه‌بوونی كێشه‌كان، رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی هه‌رێم به‌ پێویستی زانیوه‌ و پێی كراوه‌ له‌ چوارچێوه‌ ده‌ستوور كراوه‌‌، تا ئێستاش هیچ خاڵێكیان بۆ دیار نه‌كراوه‌ كه‌ له‌سه‌ری ناكۆكن و تا ئێستاش چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.

Back to top button