رێواس فایه‌ق هێرش ده‌كات سه‌ر وه‌زیرێكی یه‌كێتی

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، سه‌رۆكی فرامسیۆنی یه‌كێتی رایگەیاند: وەزیری کاروباری شەهیدان ئیحراجییەکی زۆری بۆ فراکسیۆنی یەکێتی دروست کردووە و تووشی شەرمەزاریی کردوون.

ئه‌مڕۆ یەکشەممە 4ی ئازاری 2018، رێواس فایەق، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند: مەحمود ساڵح حەمەکەریم، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکروانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، موزایەدە بەسەر پەرلەمانتاران و خەڵکی کوردستانەوە دەکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕاشیگه‌یاند: مەحمود ساڵح حەمەکەریم ئەو مافەی نییە پرۆژەیاسا بەناوی حکوومەتەوە بباتە پەرلەمان، کە تێیدا دەستبەرداری مافی بەشێک لەو کەسانەی وەزارەتەکەی نوێنەرایەتییان دەکات، ببێت و دواتریش لە هۆڵی پەرلەمان رایەکی دیکە بدات.

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا، (ریواس فایه‌ق) سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی وتی: پێویستە وەزیری کاروباری شەهیدان، کە لەسەر پشکی یەکێتی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، فێر ببێت سەکۆی داکۆکیکردن لە مافی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی ئەو ئەنجومەنی وەزیرانە و لەبەردەم سەرۆک و وەزیرەکانەوە ئەو داکۆکییە بکات نەک لە هۆڵی پەرلەمان.

Back to top button