پهرلهمانی كوردستان پهیامێكی بڵاوكردهوه و داوای چارهسهركردنی كێشه نێوخۆییهكان دهكات
له پهیامیدا لە ساڵیادی ڕاپەڕینه مهزنهكهی ١٩٩١دا، پهرلهمانی كوردستان ڕایدهگهیێنێت.”كه لەم قۆناغە هەستیار و پڕ لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییانەی ئەمڕۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی گرتووهتەوە، هەقە هەموو لا بە گیانی رۆژانی راپەرین کێشەکانی ناوخۆ چارەسەر بکەن و، کاری جیددییش بکرێ بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە و کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی کۆمەڵانی خەلك و، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دابینکردنی دادپەروەری و سەروەریی یاسا.”
دهقی پەیامی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا:-
بەبۆنەی 27ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی كوردستان لە 5ی ئاداری 1991، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادە سەربەرزەكانی شەهیدانی كوردستان و کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و ڕاپەڕین و پێشمەرگە قارەمانەكان و جەماوەری گەلی كوردستان بە گشتی و جەماوەری شاری “رانیە”ی دەروازەی ڕاپەڕین بەتایبەتی دەكەین.
ڕاپەڕینی ساڵی 1991 وەرچەرخانێكی میژوویی گرینگ بوو، بەری خەبات و خۆڕاگریی گەلەکەمان بوو دژی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی سەددام، کە بە یەکڕیزیی میللەتەکەمان و هاوخەباتیی لایەنە سیاسییەکان بەدەست هات و بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 دا و دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، قۆناغی حوکمڕانیی ئازادانە و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان دەستی پێکرد. لەم قۆناغە هەستیار و پڕِ لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییانەی ئەمڕۆ عیراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی گرتۆتەوە، هەقە هەموولا بە گیانی رۆژانی راپەرین کێشەکانی ناوخۆ چارەسەر بکەن و کاری جدیش بکرێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی کۆمەڵانی خەلك و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دابینکردنی دادپەروەری و سەروەریی یاسا.
هەرچەندە هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر داعش بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا هەرەشەو مەترسیی گەورەی تیرۆریستان و دوژمنان لەسەر هەرێم و دەسکەوتەکانی راپەرین و مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان کۆتایی نەهاتووە، هیواخوازین هێزو لایەنە سیاسییەکان گیانی لێبووردەیی و پێكەوەژیان بكەنە هەوێنی تەبایی و یەكڕیزی و خۆڕاگری بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و مافە رەواكانی گەلەكەمان و هەنگاونان بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ئاڵۆز و بارە نائاساییەی کە لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە ئارادایە و چارەسەركرنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا و زاڵبوون بەسەر قەیرانەكاندا. جونکە ڕاپەڕین ئەو راستییەی سەلماند كە تەنیا بە یەكڕِیزیی گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکان دەتوانرێت سەركەوتنی گەورە تۆمار بكرێت.
جارێکی تر سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستان دادەنوێنین و سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان و سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان.
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
4/3/2018