ئاراس جەنگی با رێبگرین لە پارچەكردنی عێراق, كەركووكیەكان پێویستە حەشدی شەعبی بپارێزن

ئەمڕۆ دووشەممە ئاراس جەنگی یەكێ لە سەرانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر رایگەیاند پلانێكی گڵاو لە شاری كەركووك هەیە و داوای چاوكراوەیی و پاراستنی هێزەكانی میلیشیای حەشد و سوپای عێراق لە كەركووك دەكات.

ئاراس جەنگی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، داوای كردووە خەڵك چاوكراوە بن و نووسیویەتی “پلانێك هەیە بۆ تێكدانی تەبایی نێوان پێكهاتەكانی عێراق و دەركردنی هێزی شەرعی و یاسایی لە كەركووك و دووز و پارچەكردنی عێراق”، مەبەستی لە هێزەكانی میلیشیای حەشد و سوپای عێراقە.

ئاراس جەنگی كە لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەرەوە چووەتە كەركووك و لەوێ ئەركی بانگەشەكردنە بۆ ئارامی شارەكە و نەبوونی هیچ كێشەیەكی ئەمنی لەم شارەدا، نووسیویەتی “دەبێت وریابین نەكەوینە داوی دوژمنان، ئەگەر نا كەركووك وەكو جاران تەسلیمی چەند دەڵاڵێكی نەوت دەكرێت و دەزگا ئاسایشە حزبیەكان دەگەڕێنەوە بۆ ئازاردانی خەڵكی، ئاسایش و ئەمانی ئێستەی تێدا نامێنێ”.

هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە هەموو لایەك دڵنیا دەكەنەوە هێزەكانی لاهور جەنگی برای، كە ئەنجامدەری راستەوخۆی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر بوون، “هەموو ڕێگریەك لە جێبەجێكردنی ئەو پلانە گڵاوە دەكەن”.

جێی باسە ئاراس جەنگی و ژمارەیەكی زۆر لە گرووپی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، ناوبەناو بیروڕاكانیان بە ئاشكرا دژی هەرێمی كوردستان دەردەبڕن، بەڵام كاتێ دەنگی ناڕەزاییان بەرانبەر بەرز دەبێتەوە، رایدەگەیەنن كە ئەم هەژمارانیە فەیسبووك هی ئەوان نین.

چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دووپاتی دەكەنەوە ئەو بیروڕایانەی ئاراس جەنگی و ئاڵا تاڵەبانی لە هەژمارە بەناو ساختەكانیاندا بڵاوی دەكەنەوە، بیروڕای راستەقینەی ئەوانن و لەگەڵ تەواوی هەڵوێست و خزمەتەكانیاندا دژی كوردستان یەك دەگرێتەوە.

هەروەها ئاماژە بەوە دەدەن كە سەرانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بۆ ئەوەی لەلایەك گوشاری ناڕەزایی خەڵكی كوردستان خامۆش بكەنەوە و لەلایەكی تریشەوە رووی خۆیان بەرانبەر سەرانی بەغدا و ئێران سپی بكەن لە دژایەتیكردنی كورد و هەرێمی كوردستان، چەندین هەژماری ساختەیان دروست كردووە و لەگەڵ هەژمارە راستەقینەكانی خۆیان تێكەڵ كردووە، بەڵام لە هەموویاندا لەسەر هەمان بەرنامە و ئاراستە كار دەكەن، كە دژایەتیكردنی كوردستانە، لە بەرژەوەندی حكوومەتی بەغدا.

Back to top button