ئێمەش (بەڵێ)ی خۆمان هەیە و با (حاسیبە!)کەتان حیسابیکات..

د. ئاراس عبدالكریم

هەیسەم ئەلجەبووریی پەرلەمانتاری کوتلەی مالکی لە لێدوانی بۆ کەناڵێکی عەرەبی، زۆر جوانی گوت: “نازانم بابەتی لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی بۆ وا ئاڵۆز کراوە، بابەتەکە زۆر سادەیە، ١٥٨ دەنگ گوتی بەڵێ بۆ لادانی و ٧٧ دەنگیش گوتی نەخێر، بە پێی ماتماتیکیش ١٥٨ زۆرترە لە ٧٧ و تەواو”. ئەشهەدو بیللا قوتابییەکەی مالکی جوانی پێکا! ئەشهەدو هەوڵە بەردەوامەکانی (مالکی) و کۆبوونەوەی ژوورە تاریکەکانی لەگەڵ هەندێک بەرپرس و پەرلەمانتاری کوردی هەندێک لایەن لە بەغدا و سەردانی خۆی و نامەبەرانی بۆ سلێمانی و خۆیان گوتەنی (هلم جرا)، توانی یەکێک لە مەبەستە سەرەکیەکانی خۆی بپێکێ، بێگومان بۆ شاردنەوە یان هیچ نەبێ کاڵکردنەوەی تایتڵە سەرەکیەکەی کە بە پلەی نایاب ئەجێندایەکی شۆفێنیزمی- مەزهەبییە لە دژی کوردستان و خەونی سەربەخۆیی گەلەکەی، دەبوو بە پشتیوانیی لایەنی کوردی (ڕەسەن!) بێت، هەرواشیکرد.

ئەو (بەڵێ)یەی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە هوشیار زێباری کە مالکی دەیخواست، قسەی خۆی بە دڵی مالکی و سەرووی مالکیش کرد، عورفی دیموکراسی وایە و پیرۆزیان بێت. بەڵام داخۆ ئامادەن بە هەمان لۆجیکی ماتماتیک ئەو (بەڵێ)یانەی ئێمەش قبوڵ بکەن کە لە کوردستاندا بۆ جیابوونەوە لە عەرەبستانی عێراقی و بڕیاردانی سەربەخۆیی لە سبەینێیەکی زۆر نزیکدا بڕیاری لێ دەدرێت؟ هێند ساویلکە نیم ڕووی ئەم پرسیارەم لە مالکی و هاوسەنگەرەکانی کردبێت، بەڵکو پرسیارەکەم بۆ ئەو سیاسی و پەرلەمانتارە کوردانەیە کە چ بە هاوسەنگەریکردنی مالکی بۆ دژایەتیکردنی پارتی و چ بۆ هەر ئەجێندا و بەرژەوەندییەکی شەخسی و حیزبی و (بین الملل!)ی بە دزییەوە و شەرمنانە بەڵێی خۆیان لەسەر بەڵێکەی مالکی دانا.

بەڵێ، ئێمەش بەڵێی خۆمان هەیە و بەم زووانە بە دەنگی بەرز دەیبیستن، ئیدی ئەو دەمە با ئەهلی (نەخێر)ەکانی کوردستان و هاوسەنگەرانی دژەسەربەخۆیی و موعتادەکانی ژێردەستەیی و خۆبەکەمزانی، جورئەت بکەن و بە دەنگی بەرز بڵێن نا بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراقی عورووبە و مێژووە پڕ لە جوانی و بەرائەت و سپییەکەی کە قەت دڵی نەهاتووە ئازاری مێروولەیەکی کوردستانیش بدات و ئامادەیە خۆی برسی بکات بۆخاتری چاوی کاڵی خەڵکی (شمال الحبیب)! چ بەغدا و چ هاوسۆزەکانی بەغدای عورووبە لە کوردستاندا، لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا گوێبیستی ئەو (بەڵێ)یەمان دەبن و ئیدی با لە ئێستاوە بۆ بیردۆزێکی نوێ بگەڕێن تا لۆجیکی ماتماتیک پێچەوانە بکاتەوە، چونکە ئەودەمە ئێمەش بە هەمان نەزمی قوتابییە نەجیبەکەی مالکی دەڵێین ” بابەتەکە زۆر سادەیە، ئەوە حوکمی ماتماتیک و خۆتان حسابیکەن”، دڵنیام هاوسەنگەرانی مالکی لە کوردستاندا لە حیسابکردندا بلیمەتی چاکیان هەیە، ڕاستتر بڵێم (حاسیبە!)ی چاکیان هەیە، با ئەو دەمە عاقڵ عاقڵ حاسیبەکەیان حیسابیکات.

Back to top button