مەلا بەختیار وەڵامی شاناز ئیبراهیم دەداتەوە

دوای ئەوەی دوێنێ‌ ژمارەیەك ئەندامی یەكێتی, رایانگەیاند بۆ چارەسەرەكردنی دۆخی ناوخۆی یەكێتی دەچنە بەردەم مەكتەبی سیاسیی یەكێتی:” مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان وەڵامی شاناز ئیبراهیم و ژمارەیەك كادیری یەكێتیی سەر بە باڵی هیرۆ ئیبراهیم دەداتەوە..

مەلا بەختیار لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وێنەیەكی خۆی لەگەڵ ئاڵای یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی” بە عەقڵ و ئارامی یەكێتی لە تێكدەران دەپارێزین”. چاودێران پێیانوایە ئەم نووسینەی مەلا بەختیار وەڵامێكە بۆ كادیرانی سەر بە باڵی دەسترۆیشتووی یەكێتی بە سەرپەرشتی هێرۆ ئیبراهیم كە دوێنێ لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم، هەڕەشەی هەڵكوتانە سەر مەكتەبی سیاسی و دەركردنی كۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیاریان “بەشەق” كرد.

ئەمڕۆ ڕەھبەری سەید برایم، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەی كۆبوونەوەكەی كادیرانی سەر بە باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی و بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كە تێیدا هەڕەشەی “بەشەق” دەركردنی كۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیار دەكرا، ڕایگەیاند: ”ئەو گرتە ڤیدیۆ و قسە ناشیرینانەی كە بڵاو كراونەتەوە، ڕەتیان دەكەمەوە”. گوتیشی : “دەبێ كۆبوونەوە ئەدەبی تێدا بێت”.

لە كۆبوونەوە نافەرمییەكەی دوێنێی كادیرانی یەكێتییدا كە شاناز ئیبراهیم، خوشكی هێرۆ ئیبراهیم ئامادەی بووە، بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی كە دەست “باسنیوز” كەوتووە، كۆبوونەوەكە لە كۆتاییدا بە هاتوهاوار كۆتایی هاتووە، لە پشت كامێراوە كادیرانی یەكێتی داوا دەكەن بەیانی (كە مەبەستی لێی ئەمڕۆ بوو) كاتژمێر 10 لەبەردەم مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئامادە بن و پێیان دابخەن.

Back to top button