كورد: گفتوگۆی یەكلاكەرەوە لەبارەی بودجەی عێراق دەكا
دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسایی بودجەی ساڵی 2018, تێپەڕاند بە بێ گەڕانەوە بۆ هەڵوێستی كورد, گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كە حكوومەت گفتوگۆی یەكلاكەرەوە لەبارەی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2018، دەكات.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 6/3/2018 كۆبوونەوەیەكی فراوان لە پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك وەزیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بەڕێوە چوو.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە سەفین دزەیی بە ”كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری“ ناونا، تاوتوێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ و پشكی هەرێمی كوردستان كراوە، كە لە كۆبوونەوەی رۆژی شەممە 3/3/2018 پەسەند كرا و تێیدا ”رێز لە هاوبەشیی كوردستان نەگیرا“.
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە، كە لە ماوەی داهاتوودا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی جددیتر و یەكلاییكەرەوە لەبارەی ئەو یاسایەی پەرلەمانی عێراق، ئەنجام دەدات.
رۆژی شەممە 3/3/2018، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەچاوكردنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان و پێكهاتەی سوننەمەزهەبی عێراق، بودجەی وڵاتەكەی بۆ ساڵی 2018 پەسەند كرد.
بودجەی عێراق بۆ 2018، 104 تریلیۆن و 158 ملیار دینارە، لەو بەشە تەنیا شەش تریلیۆن و 597 ملیار دینار بۆ ئەمساڵی كوردستان دانراوە. ئەوەش لەكاتێكدا لە كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەدا بڕیاردرابوو یەك تریلیۆنی دیكە بۆ پشكی كوردستان زیادبكرێت، بەڵام پەرلەمان ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەكرد.
مەسعود حەیدەر لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، كە راوێژكاری لێژنەی دارایی پەرلەمان بە هەماهەنگیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داوای كرد سێ تریلیۆن دیناری دیكە بۆ هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت، بەڵام حەیدەر عەبادی رەتی كردەوە سێ تریلیۆن زیاد بكات و رایگەیاند، وەزارەتی دارایی هەڵەی كردووە و دەبێ تریلیۆنێكی دیكە زیاد بكرێت، واتە بكرێتە حەوت تریلیۆن و نیو.
ئەو پەرلەمانتارە، كە وەك لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەی كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە بووە، باسی پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی كردووە و رایگەیاندووە، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا سوور بوو لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی %60ـی پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان.