خۆپیشاندان لە ئێران دەستی پێكردەوە, بە هەزاران كەس هاتنە سەر شەقام
لە زۆربەی شارەكانی ئێران، خەڵكی ئەو وڵاتە بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیان بۆماوەی چەند مانگێك، دووبارە دەستیان بە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی كردەوە.
وەك راشگەیەندراوە، خۆپیشاندانەكان لە چینی كرێكار و فەرمانبەرانی میرییەوە دەستیان پێكردووە و، زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، دوو لە كرێكارەكان پەنایان بۆ خۆكوشتن بردووە و كۆتاییان بە ژیانی خۆ هێناوە. لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی ئێران پەنایان بۆ هەڵمەتێكی رەشبگیری و توندوتیژی بردووە.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، ئەو خۆپیشاندانانە نزیكە لەوەی سەرانسەری ئەو وڵاتە بگرێتەوە و، گەورەترین خۆپیشاندانیش لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە شاری تاران سازكراوه و، بەشێك لە خۆپیشاندەرانیش دەستیان بە مانگرتن كردووە.
بەگوێرەی سایتی “ئێس ئێن جی” عێراقیش، لە شاری ئەهوازی باشووری رۆژئاوای ئێران، كرێكارانی یەكێك لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی بەرهەمهێنانی ئاسنی ئەو وڵاتە، مانگرتنیان لە كارەكانیان راگەیاندووە و، دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە.
ئەو سایتە بڵاویشیكردەوە، هێزە ئەمنییەكانی ئێران هەڵیان كوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەك لە مانگرتووان و، زیاتر لە 10 كرێكاریان دەستگیركردووە و، دەستڕێژی گوللـەشیان بەرداوەتە سەر خۆپیشاندەران، بەو هۆیەشەوە 5 كرێكار بەسەختی بریندار بوونە، كە سەرجەمیان عێراقین و لە كارگەی شەكری ئەهواز كار دەكەن.
ئەمەش لەكاتێكدا، لە هەفتەی رابردووش كرێكارێكی ئەو كارگەیە پەنای بۆ خۆكوشتن برد، دوای ئەوەی بەهۆی نەدانی مووچەكەی، بارگرانی ژیان تەنگی پێهەڵچنی و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئەو خۆپیشاندانانەش تەنیا كرێكارانی كارگەكانی نەگرتەوە و تەشەنەیكرد تا كرێكارانی توونیل و نەفەقەكانی شاری تارانیش لەخۆ بگرێت و، دواتریش شارەكانی ریبات كەریم، بهارستان، بابل، ئاراك و چەندین شاری دیكەشی گرتەوە و، فەرمانبەرانی كەرتەكانی دیكەش بەشداریان تێدا كرد.
لە رۆژانی رابردووشدا، قوتابیانی ژمارەیەك زانكۆی ئێران، لە دژی لەمپەرەكانی بەردەم ئازادی را دەربڕین، لەسێدارەدان و دۆخی زیندانییەكان، دەستیان بە سازكردنی خۆپیشاندان كرد، هێزە ئەمنییەكانیش بەتوندی رووبەڕوویان بوونەوە.
بەر له ماوەیەكیش، خۆپیشاندانێكی سەرانسەری وڵاتی ئێرانی گرتەوە و، لە توندوتیژییەكاندا بەدەیان خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.