كۆمەڵ: بەغدا وەكو دیلی جەنگ مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكات
دوای ئەوەی حكومەتی عێراق بە بێ گەڕانەوەو گوێ گرتن لە داواكاری كورد بودجەی گشتی عێراقیان تێپەڕاند,لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان كۆكن لەسەر ئەوەی دەبێ هەڵوێستێكی جیدی بەرامبەر بەغدا هەبێ، بەتایبەت دوای پەسندكردنی بودجە بەبێ كورد.
لەكاردانەوەی پەسندكردنی بودجەكەی عێراق و كەمكردنەوەی پشكی كورد، لایەنە سیاسییەكان كە لەسەر زۆرینەی پرسەكان پێكنایەن، ئێستا كۆدەنگن بەوەی دەبێت كورد له بەرامبەر عەبادی هەڵوێستێكی تووندی هەبێت.
مستەفا عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت “دەبێت لایەنە سیاسییەكان وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئەمریكا لەو پێشێلكارییانە ئاگاداربكەنەوە و گوشار هەبێت، چونكە عێراق ئەوەی بۆ بچێتەسەر، پەل دەهاوێژێت بۆ پرسی نیشتمانی، نەتەوەیی و تەنانەت ژیانی خەڵكیش”.
نوێنەرانی كورد وەرزێكی تەواو زیاتر لە ئاراستەیەك كاریانكرد بۆ ئەوەی پێشێلكارییەكانی نێو پڕۆژەی بودجەی عێراق چاكبكرێت، بەڵام سەرباری دونیایەك بەڵێنی حكومڕانانی بەغدا، ئەوەی سەپێنرا، ئیرادەی زۆرینە بوو بەرامبەر بە كەمینەی كورد لە پەرلەمانی عێراق.
كۆمەڵی ئیسلامی داوادەكات سەرۆككۆماری عێراق بودجەكە رەتبكاتەوە، یەكگرتووی ئیسلامی داوادەكات ئەمریكا لە پێشێلكارییەكان ئاگاداربكرێتەوە و گوشار هەبێت. هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریش پێیوایە، دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشار بخاتە سەر حكومەتی عێراق. لای كۆمەڵی ئێستای باشترینیان رەتكردنەوەی بوودجەكە لەلایەن سەرۆك مەعسومی سەرۆككۆمار
رێبوار حەمەد، گوتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت “ئێستا عێراق بەجۆرێك مامەڵەمان لەگەڵ دەكات وەكو براوە و دیلی جەنگ، بۆیە باشترین بژاردە ئەوەیە كە سەرۆككۆمار بودجەكە بگەڕێنێتەوە و واژۆی نەكات. هەرچەندە پێموایە بەزۆرینە تێدەپەڕێننەوە، بەڵام لانیكەم وەكو هەڵوێست هەر باشه”.