ئیرهابی فکری و کەوتنە سەرئەژنۆ بۆ بەغدا و تاران! دەیانەوێ سلێمانی داگیر بکەن
تەنیا کوردی
((سەرکردە ئەوە نییە کە بە درۆیەک هەموو ئێوارەیەک لەسەر خوانی فەقیرێکدا سکی تێربکات! سەرکردە ئەوەیە کە هزری تێرە و بۆ تێربوونی سکی گەلەکەی، هەموو ئێوارەیەک خۆی برسی دەکات!! سەرکردەی راستەقینە ئەو پێشمەرگەیە کە گیانی لە جەستەی دەرهێناو توانی پارێزگاری لە خاکی کوردستان بکات، نەوەک ئەو سەرکردانەی کە لەژێر فکری ئیرهابی چەند سیناریستێکی ترسنۆکدا چۆکیان داداو لە دژی گەلەکەیاندا بۆ بەغدا و تاران کەوتنە سەر ئەژنۆ)).
سیناریستە ترسنۆکەکانی ئیرهابی فکری ئەوانەن کە خۆیان کردووە بە خاوەنی زۆر پیلانی ترسناک بۆ حزبەکانیان و حزبەکانیان خستووەتە بارێکی نەخوازراوی سیاسی و جەماوەری تەنیا بۆ بازرگانیکردن بە بەرژەوەندی گەل و نەتەوە و خەڵک، دەمامکیان داوە! ئەمانە وێنەیەکی وای خەڵکیان لە هزری بەرپرساندا نەخشاندووە کە خەڵک نەزانە و جێگەی مەترسین! خەڵک خراپن و بەردەوام بەدوای پیلانگێڕین کەچی لە واقیعدا ئەو سیناریستانە پیلانگێڕی سیاسین و لەوانەیش ترسنۆکتر ئەو سیاسەتوانەیە کە باوەڕ بە پیلانەکانیان دەکەن و لەوانیش ترسنۆکتر ئەو خەڵکەیە کە دواجار باوەڕیان پێدێنن.
سیناریستە ترسنۆکەکانی ئیرهابی فکری لە زۆر شوێنی باڵادا هەن، لەنێو جومگەی دەسەڵاتی سیاسی و حزبی و حوکمی و تەنانەت لەنێو دادگا و فەرهەنگ و کەرتی تەندروستی و پەروەردە و کەرتی ئاینیشدا. تاکە گوناحێکی سیاسی خەڵک لەوەدایە کە باوەڕ بەو سیناریۆیانە دەکەن و دەیکەنە جەدەلی خۆیان کە بەرهەمی سیناریستێکە دواجار دژ بە خەڵکە و بۆ ئەوە دایڕشتووە کە خەڵک نەکەوێتە سەر سکە و رێڕەوی خۆسکانەی خۆی کە بیەوێ ماف لەگەڵ ئەرکدا بناسێ.
ژوورە تاریکەکان ئەوانەی سیناریستەکانی ئیرهابی فکری پڕۆڤە بە فکری سیاسەتوانەکان دەکەن، ئەو ژوورانەن کە خەڵک لێیانەوە پێشوازی لێ دەکرێ و وێنەی رەنگاورەنگی لێ دەگرن کەچی لەپشتەوەی خەڵکدا گاڵتە بە سادەیی خەڵک دەکرێ و تەنیا وەک ئالیەتێکی بەردەستی بێگیان سەیر دەکرێ.
خەڵک دەبێ بەگەورەی خۆیان و بە بچوکی ئەو سیاتەوانانە بزانێ کە لە بۆنە سیاسییەکاندا وەها دەدوێن کە ئەوان بلێمەتی سیاسین و بڕیاردەری چارەنووسی خەڵکن، کەچی لە واقیعدا ئەمانە تەنیا فێرکراوێکی بچوکن هەرچەندە لەڕووی پێگەی جەماوەریدا گەورەکراون بەڵام لە ئاستی مەعریفیدا نەزانن، چونکە لە زەینیاندا تەنیا بزنسس و پارە هەیە، باوەڕیان بە سیاسەتی گەل نییە! ئەوانە نەزانێکی باوەڕبۆ دروستکراون و خراونەتە نێو کایە سیاسییەکانەوە و تەنیا ئالیەتی کۆکردنەوەی پارە و پشکدارین لە بزنسدا ئەگەرنا لە ئەرزی واقیعدا خاوەنی مێشک و دڵێکی زۆر بچوکن و فێرکراون کە لە دژی نەتەوەی خۆیاندا پیلانگێڕی بکەن.
ئەمانە کە دەدوێن زۆر هەژارن لە دەربڕیندا و چەندان پڕۆڤە و مەشقی پێشوەختەشیان کردووە لە دەربڕینی گوتاردا کەچی کە دەدوێن هەست بە هەژاری فکریان دەکرێ. ئەمانە مشەخۆرێکی گەورەکراوی سەر بڕبڕەی پشتی خەڵکن، ئەمانە لە وێنەیەکی گەورەکراوی بەتاڵدا هیچی دیکە نین.
پێویستە خەڵک ئەو راستییە بزانێ کە نابێ باوەڕهێنەربێ بەو ئاوازەی کە سیاسەتوانە مشەخۆرەکان بۆیان دەهۆننەوە، ئەو کەمانچەی کە سیناریستەکان دەیژەنن ژەهرێکی مەترسیدارە کە هزر و زەینی خەڵک مەستدەکات تەنیا بۆ ئەوەی کە قبووڵی هزری نەزانی ئەو بزنسمانە جاهیلانە بکەن کە بەناوی گەلەوە دەدوێن و بەناوی گەلیشەوە ستەم دەکەن و بەناوی گەلیشەوە ئیرهابی فکری بڵاودەکەنەوە.
ئێستا کاتی دوو شتە یان خۆرادەستکردن بەو مەوجە تەشویشەی کە خەڵک دەبێ لەژێر بچوکی چەند کەسێکدا بمێنێتەوە و بکەوێتە بازانەی ئەو ئیرهابە فکرییەی کە ئەو بەرپرسانە لە تاران و بەغدا پڕ سیناریۆکراون، یان هەوڵدان بۆ ئازادی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دادپەوەری کە تێیدا خەڵک بەو پەڕی ئازادییەوە بتوانێ چارەنووسی خۆی دیار بکات و داهاتوویەکی گەش گرەنتی بکات.
مێژوو پیاوی نییە بەڵکو پیاو مێژووی هەیە! مێژووی ئەو پیاوە بەنەمری دەمێنێتەوە کە نەکەوتبێتە نێو یاریکردن بە قووتی خەڵک و برسیکردنی خەڵک و یاریکردن بە چارەنووسی گەل و نەتەوە و نیشتمان! مێژوو ئەوە نییە کەدەنووسرێ مێژوو ئەوەیە کە دەگوترێ، هەموو نووسینیکی مێژووی راست نین، بەڵام هەموو جەنگاورێکی راستەقینەی گەل کە بۆ گەلەکی تێکۆشابی و بۆ بەرژەوەندی خەڵک کۆششی کردبێ، قارەمانێتییەکەی لەسەرووی مێژوویشەوە راستە.
ئەم سیناریستە ئیرهابە فکرییەی کە نەخشەی وێرانکردنی هزی نەتەوەییان لای تاکی کورد داڕشتووە پێویستە بناسرێن بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان چیدی نەکەوێتە ژێر کاریگەریان و چۆنیەتی جوڵە و ئامانج و پیلان و کردارەکانیان دەستنیشان بکرێ. چونکە ئەمانە دەیانەوێ دەستکاری مێژوو و جیوگرافیا و خاک و پیرۆزییەکانی خەڵک و فکری خەڵک بکەن.
ئەم جۆرە ئیرهابییە فکرییە لە سلیمانییەوە دەیەوێ بەرەو شارەکانی دیکەی کوردستان بجوڵێ، ئەمانە ئامانجیانە خەڵک وا پەروەردە بکەن کە بۆ بەغدا و تاران بکەونە سەر ئەژنۆ، بەڵام شێوازی ناسینەوەیان لە جۆری قسەکردن و بیانووهێنانەوە دیارە، دەیانەوێ خەڵک سەرقاڵی هەمووشتێک بکەن تەنیا لە پێناو ئەوەی کە گورز لە مەلەفە هەستیارەکانی کوردستان بدەن، ئەو مەلەفانەی کە بۆ داهاتووی کوردستان گرینگی تایبەتی هەیە.