ئەڵمانیا: لە مەشقدانی پێشمەرگە بەردەوام دەبین
دوای ئەوەی ئەڵمانیا بڕیاری كەمكردنەوەی هێزەكانی لە عێراق دەركرد ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، راوێژكارە سەربازییەكانیان لە مەشقدانی هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامن و ئاشكراشیكرد، حكوومەتی وڵاتەكەیان ژمارەی سەربازەكانی لە عێراق بۆ 800 سەرباز كەم دەكاتەوە.
چەند سەرچاوەیەكی میدیایی لە فرانك فینریج، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا گواستییانەوە، “پرۆسەی مەشقدانی پێشمەرگە وەك پێشان بەردەوامە” و گوتیشی: “راهێنەرانی ئەڵمانی لەبوارەكانی پزیشكی و خزمەتگوزاری لۆجیستی راهێنان بە پیشمەرگە دەكەن”.
لەلایەكی دیكەوە بەگوێرەی سایتی سپۆتنیكی رووسی، ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا جەختی كردۆتەوە، “بەشێك لە راوێژكارانی سەربازی ئەڵمانی لە عێراق دەمێننەوە”.
ئەو سایتە رووسییە ئاماژەی بەوەش كردووە، “دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ماوەی مانەوەی راوێژكارە سەربازییەكانی لە عێراق درێژ كردۆتەوە و، پێشبینی دەكرێت، مانەوەیان بۆ مەشقپێكردنی هێزە سەربازییەكان بێت”.
لای خۆشیەوە ستیڤن زایبێرت، وتەبێژی حكوومەتی ئەڵمانیا ئاشكرایكرد، “ژمارەی سەرباز و راویژكارە سەربازییەكانی ئەڵمانیا لە 1200 كەسەوە بۆ 800 كەس كەم دەكرێنەوە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، بەم دوواییانە لایەنە شیعەكان و گروپەكانی حەشدی شەعبی فشارەكانیان بۆ كشاندنەوەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، لەسەر حكوومەتەكەی عەبادی چڕتر كردۆتەوە و، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەكانیان بردۆتە ناو پەرلەمانی عێراق و هەوڵ دەدەن كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان لەعێراق بكەن بە ئەمری واقع، بەتایبەتیش هێزەكانی ئەمەریكا و، داواشیان لە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، وادەیەك بۆ كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان دەستنیشان بكات.