رۆژنامەیەكی بەریتانی: داعش سەرهەڵدەداتەوە
دوای ئەوە سەرچاوە عێراقیەكان ئاشكرایانكرد كە داعش لە سنوری كەركووك و باشووری ئەو شارە دەستی بە جموجۆڵكردۆتەوە, ئەمڕۆ رۆژنامەی ئیندپێندنتی بریتانی بڵاویكردەوە، داعش كتوپڕ دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی عێراق و سووریا، كە لە ژێر دەستی دەرهێنراوون و كردەوەی چەكداری ئەنجام دەدات.
رۆژنامەكە راپۆرتێكی لە ژێر ناونیشانی “لە سووریا، داعش زۆر بە خێرایی و كوشندەیی دەردەكەوێتەوە” بڵاوكردووەتەوە و ئامادەكاری راپۆرتەكە پاتریك كوكبێرن، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، داعش بەم دواییانە لە هەندێك ناوچەی عێراق و سووریا، دوای ئەوەی لێی دەركرابوو، دەستی بە جموجۆڵ كردووەتەوە.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، راستە ئەستەمە داعش بە هەمان هێزی جارانی بگەڕێتەوە، بە هۆی ئەو زەبرەی بەری كەوتووە و پچڕانی پشتیوانی دەرەكی لێی، بەڵام هێشتا دەتوانێت كردەوەی توندوتیژی ئەنجامبدات و رقی تائیفی و رەگەزی بچێنێت. چونكە زۆرێك لە سووریاییەكانی خەڵكی عەفرین و عێراقییەكانی مووسڵ گوماندەكرێت لایەنگری داعش بن.
بۆنموونە لە دێرزوور، چەكدارانی داعش هێرشێكی كتوپڕیان كردە سەر چەكدارە كوردەكانی قامیشلی، لە حەسەكەش، دوای شەش مانگ لە مت بوونیان ئۆتۆمبێلێكیان تەقاندەوە و چوار كەس كوژران. لە رەققەش دەنگۆی ئەوە هەیە، شانە نووستووەكانی داعش لە هەر دەرفەتێكدا بێت دەربكەونەوە.
لە عێراقیش، لە مانگی شوباتی رابردوو، یەكەیەكی هەواڵگری سەر بە حەشدی شەعبی لە ناوچەی حەویجەی خۆرئاوای كەركووك كەوتنە بۆسەیەكی داعشەوە و 27یان كوژران.
رۆژنامەكە جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە، هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین، دەرفەتێكی گونجاوە بۆ ئەوەی داعش گەشە بكاتەوە. بەو پێیەی هێزە كوردییەكان خەریكی شەڕی سوپای توركیان و لە زۆر ناوچەوە پاشەكشێیان كردووە بۆ بەرگریكردن لە شارەكەیان.
لە كۆتایی راپۆرتەكەدا، پەسندی ئەو بۆچوونە كراوە، كە پێی وایە داعش، زۆر رێككاری گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی بەشێك لە سەركردە خاوەن ئەزموونەكانی و لە بیاباندا حەشارگەی بۆ ئامادەكردوون. هەروەك ئەوەی گرووپە تیرۆریستییەكان لە نێوان 2007 تا 2011 توانیان بەو جۆرە خۆیان بپارێزن و تا دەرفەتیان بۆ هەڵكەوت.
سەرچاوە: independent.co.uk