حەشدی شەعبی هەڕەشە لە یەكێتی دەكات
دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بە هاوكاری گرووپی خیانەتكاری یەكێتی كەركووكی داگیركرد, ئێستا شارەكا رووبەرووی شاڵاوی تەعریب بووەتەوە رەمز و دروشم و ئاڵای كوردستان بە هەموو شێوەیەك لەو شارە قە دەغەكراوە, لەو بارەیەشەوە سەرچاوەیەكی ناوخۆیی ئاگادار لە پارێزگای كەركووك رایگەیاند: “عەسائیبی ئەهلولحەق كە گرووپێكی شیعە مەزهەبی ناو حەشدی شەعبین، هۆشداریان داوەتە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئاگاداریان كردوونەتەوە بەهیچ شێوەیەك ئاڵای كوردستان لە كەركووك بەرز نەكەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7/3/20018 سەرچاوەیەك لە پارێزگای كەركووك بە پێگەی ئەلیكترۆنی “شەفەق نیووز”ـی گوتووە: “نووسینگەی گرووپی عەسائیبی ئەهلولحەق لە پارێزگای كەركووك، نووسراوێكیان بۆ مەڵبەندی دووی یەكێتی لە پارێزگای كەركووك ناردووە و هۆشداریان پێداون كە بەهیچ شێوەیەك لە ئاهەنگی نەورۆز و كاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئاڵای كوردستان بەرز نەكەنەوە”.
بەگوێرەی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، حاجی ئەبو سافی، بەرپرسی نووسینگەی كەركووكی عەسائیب نامەكەی بۆ مەڵبەندی یەكێتی ناردووەو گوتوویەتی: “نە لە نەورۆز و نە لە كاتی هەڵبژاردن، رێگەتان پێنادەین ئاڵای كوردستان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەرز بكەنەوە”.
سەرچاوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، مەڵبەندی یەكێتی نوێنەریان ناردووەتە لای راكان سەعید جبووری، پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت و نیگەرانی و دڵەڕاوكێی خۆیان بەرامبەر عەسائیب دەربریوە”.
بەڵام هێشتا یەكێتی لە كەركووك بە فەرمی لەبارەی ئەو هۆشداریی و هەڕەشانەی حەشدەوە هیچ لێدوانێكیان نەداوە
لە 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، بەهۆی رێككەوتنێكی ژێر بە ژێری چەند سەركردەیەكی یەكێتی لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، بە چاودێری كۆماری ئیسلامی ئێران، شاری كەركووك و خورماتوو و ناوچەكانی دیكەی پاریزگاكەیان رادەستی حكومەتی عێراق كرد (وەك ئەوەی بەرپرسانی باڵای یەكێتی خۆیان دەیڵێن)، بەو هۆیەشەوە ئاڵای كوردستان لە پارێزگاكە قەدەغەكراوەو جگە لەوەی پێشتر چەكدارانی حەشد سوكایەتیان بە ئاڵای كوردستان و وێنەی شەهیدانی پێشمەرگەش كرد، ئێستا رێگە بە یەكێتیش نادەن ئاڵای كوردستان بەرزبكاتەوە.