نهێنی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری به‌رگری به‌ریتانیا بۆ هه‌ولێر ئاشكرابوو

خواكوڕك

دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو وه‌زیری به‌رگری به‌ریتانیا به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ هه‌ولێری پایته‌خت و له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانیه‌وه‌ پێشوازی لێكرا و بڕیاره‌ دواتر له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆببێته‌وه‌.

لەمیانی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە شاندی بەریتانیا باسیان لەئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی شاری موسڵ لەدەستی داعش كردووەو جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە پێشمەرگە دەتوانێت ڕۆڵێكی كاریگەری لەو ئۆپەراسیۆنانەدا هەبێت بەهەماهەنگی حكومەتی عێراقی فیدراڵ‌و هاوپەیمانان.

شاندە بەریتانییەكە ئه‌وه‌یان دووپات كردووەتەوە، كە وڵاتەكەیان بەردەوامدەبێت لەمەشق‌و ڕاهێنان‌ و ناردنی هاوكاری سەربازی بۆ پێشمەرگە‌و لەو بارەیەشەوە هەماهەنگییەكی تەواو لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە‌و وەزارەتی بەرگریی بەریتانیادا هەیە.

هەروەها ئاشكرایان كردووە، كە ئەوان دەزانن بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارەو پەنابەرانی دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان، بارگرانییەكی زۆر بۆ حكومەتی هەرێم دروست بووەو پێشبینیش دەكرێت لەكاتی ئازادكرنەوەی شاری موسڵدا ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر ببێت‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئاگاداری ئەم پرسەیە، بۆیە ئەوان هەوڵدەدەن لەم ڕووەوە هاوكار بن.

نێچیرڤان بارزانی خوازیاری ئەوە بوو بەریتانیا ڕۆڵێكی بەرچاو لەگفتوگۆی نێوان لایەنەكان ببینێت بەمەبەستی داڕشتنی پلانی قۆناغی دوای ئازادكردنەوەی شاری موسڵ لەدەست چەكدارانی داعش‌و پاراستنی سەرو ماڵی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی‌و ئایینییەكانی ناوچەكە.

Back to top button