خامەنەئی: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هی ئێمەیە

دوای ئەوەی ئێران دەستی خستە نێو كاروباری ناوخۆی زیاتر لە حەوت وڵاتی جیاواز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامەنەئی، رایگەیاند، بوونی هەژموونی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پەیوەندی بە خۆرئاواوە نییە.

گوتیشی: “تاران لە بارەی ئەو هەژموونەیەوە هیچ جۆرە گفتوگۆیەك لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا ناكات”.

خامەنەئی لە رێگەی سایتی رەسمی خۆیەوە پرسیاری ئەوەشی كردووە، “ئەو بابەتە هیچ پەیوەندی بە ئەوروپا و ئەمریكاییەكانەوە نییە و بۆچی دەبێت ئەوان هەقیان بەسەرەوە هەبێت”.

خامەنەئی ئەوەشی گوتوە: “وڵاتانی ئەوروپایی دێنە تاران، دەڵێن ئێمە دەمانەوێت لە بارەی بوونی ئێران لە ناوچەكە وتوێژ بكەین، ئەوە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە. ئەمە ناوچەی خۆمانە، بۆچی ئێوە لێرەن؟”.

ئەم قسانەی خامەنەئی دوای چەند رۆژێك لە سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جان ئێف لۆدریان دێن، كە سەردانی تارانی كرد، بە مەبەستی تاوتوێكردنی رۆڵی ئێران لە قەیرانە هەرێمایەتییەكاندا.

Back to top button