پیلانێكی توركیا و عێراق دژ بە پەكەكە لە قەندیل ئاشكرا دەكرێت

پەرلەمانتارێكی عێراق باس لە هەماهەنگییەكی نهێنی ‌نێوان عێراق و توركیا دەكات، كە بەگوێرەی رێككەوتنێك، عێراق گڵۆپی سەوزی بۆ توركیا داگیرساندووە، بۆئەوەی ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانەی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات، كە بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانی لێیە.

ئەسكەندەر وتوت، ئەندامی لێژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە سایتی غەد پرێسی راگەیاند، “بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان لە چیای قەندیل پێویستی بە هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق و توركیا هەیە، بۆئەوەی لەو ناوچانە وەدەریان بنێن”، جەختیشی كردەوە، “هەماهەنگی لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا لەبارەی ئەم پرسەوە بەشێوەیەكی نهێنی دەبێت”.

وتوت ئاماژەی بەوەشكرد، “دەكرێت ئەو هەماهەنگییە ببێتە هۆی هاوكاری نوێ و زیاتر لەنێوان توركیا و عێراق، بۆئەوەی توركیا پشكی عێراق لە ئاوی رووبارەكانی دیجلە و فورات بەتەواوەتی دابین بكات”، گوتیشی: “ئێمە سوپاسالارمان هەیە و ژمارەیەكی زۆری ئەفسەری پلە باڵاشمان هەن، زۆر بەباشی درك بە گرنگی ئەو هەماهەنگییە و هاتنی هێزەكانی توركیا بۆ ناوچە سنووریەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن”.

ئەمەش لەكاتێكدایە، پێشتر مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا ئاشكرای كرد، وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق، ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لە دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، ئەنجام دەدەن.

وەزیری دەرەوەی توركیا راشیگەیاند، ئۆپەراسیۆنی “چڵە زەیتوون”، لە مانگی ئایار/ مایۆی داهاتوو كۆتایی دێت و دوای ئەویش لەگەڵ عێراق, لە دژی چەكدارانی پەكەكە، دەست بە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش دەكەن.

ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی توركیا، دوای چەند رۆژێك لە سەردانی خلوسی ئاكار، سوپاسالاری توركیا دێت بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەك لە عیرفان حەیالی، وەزیری بەرگری و فەریق روكن عوسمان غانمی، سوپاسالاری عێراق.

ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون، 48 رۆژە دەستیپێكردووە و تا ئێستاش بە هۆی بۆردومانەكانی سوپای توركیا، نزیكەی 200 هاووڵاتی شەهید و زیاتر لە 600 كەسی دیكەش برینداربوونە.

Back to top button