یه‌كێتی و له‌تبونێكی دیكه‌

كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەردەوامەو چەند بەرپرسێكی ئەو حزبە هەڕەشەی ئەوەیان كردووە بەو دۆخە ناوخۆییەوە بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردن ناكەن، ئەگەری جیابوونەوەی دیكەش لەناو ئەو حزبەدا پەیوەستە بە هەنگاوەكانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە بۆ بەستنی كۆنگرە.

لەگەڵ ئەوەی هیچ ئاسۆیەك بەدیناكرێت بۆ چارەسەری كێشەكان، یەكێتی میكانیزمی نوێ دەگرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی كێشە ناوخۆییەكانی لەسەر دەنگ‌و پێگەی جەماوەریی.

كێشەی سەرەكی یەكێتی شێوازی بەستنی كۆنگرەی حزبەكەیە، هەریەكە لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو كۆسرەت ڕەسوڵ كە سەرۆكایەتی دوو باڵە جیاوازەكەی یەكێتی دەكەن بۆچوونی پێچەوانەیان هەیە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بە خواكوڕكی ڕاگه‌یاند:”كاك كۆسرەت پێیوایە بەم شێوازە كۆنگرە بكرێت ماڵی مام جەلال كۆنتڕۆڵی دەكەن‌و لەبەرژەوەندی خۆیان گۆڕانكاریی دەكەن، هەربۆیە خواستی خۆی پیشانداوە بۆ ڕێككەوتنی نێوانیان پێش بەستنی كۆنگرە.”

گرژیی‌و ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی بەجۆرێك تووند بوونەتەوە مانەوەی ئەو حزبەی بە یەكپارچەیی خستوەتەبەردەم هەڕەشە، بەرپرسانی یەكێتی بە هەستیارییەكی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ كۆبوونەوەكانی حزبەكەیان دەكەن.

“هەندێك لەوانەی نزیكن لە هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د فشاریان خستووەتەسەر بە بێ كۆسرەت ڕه‌سوڵ هەنگاو بۆ كۆنگرە بنێت بۆئەوەش داوایان لێكرد لە كۆبوونەوەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی كادرانی یەكێتی لە تەلاری هونەر بەشداریی بكات، بەڵام هەندێكی دیكە لە نزیكەكانی فشاریان خستەسەر كە بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیە نەكات‌و ئاگاداری هەنگاوەكانی بێت، چونكە ئەگەری لێكترازانی دیكە هەیە.”

Back to top button