با لاپەڕەکانی مێژووی خیانەت هەڵدەینەوە, ووڵامێك بۆ مەلا بەختیار

بهمن کاك عبداللە

مەلابەختیار لە دیبەیتەکەی کەناڵی ڕووداو دا لە ووڵامی پرسیارێکی یەکیک لە بەشداربوان ، لەسەر خیانەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەر گوتی بالاپەڕەکانی مێژووی خیانەت هەڵنەدەینەوە و بائێمەش باسی ۳۱ی ئاب نەکەین .

من بەمەلا بەختیار دەڵێم کەرەمکەن بالاپەڕەکانی مێژووی کورد و خیانەتکاران هەڵدەینەوە ، بابەنەوەکانی ئیستامان بڵێین کێ بوون ئەوانەی ڕیزەکانی بەهێزترین شۆڕشی کوردیان لەساڵی ۱۹٦٤ز دا ، کەرت کرد و چونە هەمەدان بوون بەجاش ، پاشان با ڕوونی بکەینەوە بزانین لە ساڵی ۱۹٦٦ز کێ لە بەکرەجۆ و کەلاری کۆنەوە ، بوە کۆڵوانە سوری بەردەم لەشکری بەعس بۆ سەر شۆڕشگێڕانی شۆڕشی ئەیلول ؟ دواتر لەشاعیران و نوسەران و ئەدیبانی کورد بپرسین کێ ووشەی جاشی لەفەرهەنگی کوردی باشوردا زیاد کردوە .

ئەوجا کاك مەلا بابێینە سەر ۳۱ی ئاب و ۱٦ ی ئۆکتۆبەر ، بابزانین جیاوازی ئەم دوو ڕوداوە چیە ، ئەم دوو ڕوداوە هەر دوکیان یەکشتن لە چی دا ؟ لە ۳۱ی ئابی ساڵی ۱۹۹٦ دا حزبەکەی جەنابت هەمان خیانەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەری کردبوو لەگەڵ هەمان ئەو دەوڵەتەی کە ۱٦ی ئۆکتۆبەر لەگەڵی ڕێککەوتن تان کرد بۆ لەناوبردنی پارتی و بنەماڵەی سەربەرزی بارزانی ، لەبەرامبەر تەسلیم کردنی تەواوی خاکی کوردستان ئەو دەوڵەتەش ئیران بوو ، بەڵام پارتی لە۳۱ی ئابی ۱۹۹٦ هەولیری لەدەست ئێوە و ئیران ڕزگار کرد و تەسلیم بەهیچ دوژمن و داگیرکەرێکی کوردی نەکرد و کردی بەیەکێك لە پایتەختە گرنگەکانی ناوچاکە .
ئەی لە ۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲٠۱۷ چی ڕویدا، خەلکی کوردستان و ناوچەکوردستانیەکان بەپێشڕەوایەتی بارزانی ڕیفراندۆمێکی سەرکەوتوویان ئەنجامدا و تاپۆی رەشی کەرکوکیان دایەوە دەست کورد ، بەڵام بەشێکی زۆری حزبەکەی تۆ لەسەردەستی قاسم سولەیمانی کەرکوک و خانەقین و دوز کەخۆتان دەسەڵاتی باڵا بوون تێیدا فرۆشتیان بەهەمان دەوڵەتی ساڵی ۱۹۹٦ بەرامبەر بەلەناوبردنی بارزانی و پارتی و لەناوبردنی خەونی سەربەخۆیی کورد ، دیسانەوە لەم پیلانی خیانەتەش دا شکستان هێنا بەلام بەداخەوە ناوچەکوردستانیەکان تان پێشکەش بەسوپای پاسداران و حەشدی شەعبی کردەوە .

لە کۆتاییدا تەنها ئەوە بە مەلابەختیار دەڵێم کاکە مەلا ئەوەتەنها ئێمەی پارتی نین بە ۱٦ی ئۆکتۆبەر دەڵێین خیانەت بەڵکو ئەوە ( کاك کۆسرەت و شێخ جعفەر و نەجمەدین کەریم ) ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکەتان دەڵێن خیانەتە ،، پاشان لێدوانەکانی ( پاڤێڵ و ئاراس و وەستا رەسول و ئاسۆ مامەند ) باشترین گەواهی دەر و بەڵگەن لەسەر خیانەتی ۱٦ ی ئۆکتۆبەر ، ئیدی پیویست بەدادگا و لێکۆڵینەوە ناکات ، شوکر هۆشیارە خەلکی کەرکوک و کوردستان دەزانن چی روویدا .

 

Back to top button