مالیكی وعامری دژ بە عەبادی رێكدەكەون
جێگری سەرۆك كۆمار، لەهەوڵدایە، ئەو لیستەی لە گرووپەكانی میلیشیای حەشدی شەعبی پێكهاتووە، لەخۆی نزیك بكاتەوە، بەتایبەت ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی بەدر، بۆ ئەوەی ڕێگە لەبەردەم عەبادی ببڕێت و پۆستی سەرۆكی حكوومەت، وەربگرێتەوە.
بەرپرسێكی باڵای سیاسیی، بە ماڵپەری (عەرەبی جەدید)ی ڕاگەیاندووە: “نووری مالیكی بەردەوامە لەهەوڵەكانی بۆ ڕازیكردنی چەند لایەنێكی سیاسیی بەمەبەستی هاوپەیمانێتیكردن لەدوای هەڵبژاردنەكان”.
ڕوونیكردەوە، كە سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، هەموو هەوڵەكانی بۆ نزیكبوونەوە لە لیستی (فەتح) چڕ كردووەتەوە، گوتیشی: “ئێستا لەهەوڵدایە هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی بەدر لەخۆی نزیك بكاتەوە، بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنەكان بە ئامانجی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكی حكوومەت، هاوپەیمانێتی لەگەڵدا بكات”.
ڕوونیكردەوە، كە مالیكی، بەڵێنی چەند وەزارەتێكی سیادیی بە عامری داوە، گوتیشی: “دەیەوێت بەهەر شێوەیەك بێت ڕێگە لەبەردەم عەبادی ببڕێت و نەهێڵێت لە لیستی فەتح نزیك ببێتەوە”.
سەرچاوە سیاسییەكە، ئەوەشی خستەڕوو، كە تائێستا گفتوگۆكان هیچ ئەنجامێكی ڕوونیان نەبووە، ڕێككەوتنی سیاسیش نەكراوە، بەڵام قۆناغی زۆریان بڕیوە: “پێدەچێت لە ئەنجام ڕێك بكەون”.
لای خۆیەوە، عارف بەسڕی، پەرلەمانتاری سەر بە فراكسیۆنەكەی مالیكی، ڕایگەیاند: “سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا هیچ لارییەكی نییە گەر عامری پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، بەڵام خواستی دەنگدەر و سندووقەكانی دەنگدان ناسنامەی سەرۆكی حكوومەتی داهاتوو، دیاریی دەكات”.