وتەبێژی یەكێتی: دوای ساڵی 1991 نوری مالیكی پێلاوی لە پێ نەبوو كورد باوەشی بۆ كردەوە
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە گوتارێكدا لە شارۆچكەی رانییە رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی 1991 بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عێراق بووە ماڵێك و تەواوی ئەو شتانەی بۆ دابینكردن، كە پێویستیان بوو. گوتیشی، بەشێكی زۆر لە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی پێلاویان نەبوو لەپێیان بكەن و چەكیان نەبوو، تاوەكو پارێزگاری پێ لە خۆیان بكەن.
لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا، لەبارەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان، پیرە جەختی كردەوە، ئەوانەی لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداربوون، بەشێكن لە باشی و خراپی ئەو حكومەتە و ناتوانن لەو راستییە رابكەن كە خۆشیان پێشتر هاوبەشی حكوومەت بوون. ئاماژەی بەوەشدا، لایەنەكانی ئۆپۆزیسۆنی ئێستای هەرێمی كوردستان بەشێك بوون لە تەواوی كارەكانی حكومەت و، خۆشیان لەو كەمتەرخەمییانە بەشدارن كە دەخرێنە ئەستۆی حكوومەتی هەرێم.