پارتی ئەوانەی لە پیلانگیری لێسەندنەوە متمانە لە زێباری بەشدار بوون وەڵاممان دەبێت بۆیان
خواكوڕك
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە لەسەر هۆشیار زێباری كە لە دانیشتنی رۆژی ٢١/٩/٢٠١٦ی پەرلەمانی عێراق، بە پلانێكی پێشوەخت داڕێژراو و لە پرۆسەیەكی شێوە گەلەكۆمە، متمانە لە بەرێز هوشیار زێباری وەزیری دارایی حكوومەتی عێراق سەندرایەوە. بەرێز زێباری كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە و، لە كابینەكانی حكوومەتی فیدراڵیدا لە هەردوو پۆستە وەزارییەكەیدا، بەتایبەتی لە سەردەمی وەزیریی دەرەوە و پاشان وەزیری داراییدا كە، بەڕای چاودێرانی ناوخۆ و دەرەوە، زۆر تێدا سەركەوتوو بوو، بەڵام بەردەوام ئامانجی هێرشی ناحەزان بووە.
هەروەها لەراگەیاندراوەكە دا دەشلێت، لەم چەند مانگەی ڕابردووشدا لە بەرانبەر هەوڵەكانی بەڕێز هوشیاردا بۆ رێكخستنی وەزارەتی دارایی بەشێوەیەك كە پەردە لەسەر گەندەڵیە زۆروزەبەند و قەبەكان لابچێت و رێگەیان لێ بگیرێ، لەوكاتەدا هەوڵی چڕو پڕ هەبووە بۆ ئەوەی ململانێ سیاسییەكان تۆختر بكرێنەوە تا لە كەشێكی لەباردا ئەو پرۆسەیە بەرگێكی تری پێ ببەخشن و بتوانن هەوڵەكانی هەڤاڵ هۆشیار بەو شێوەیە لەبار بەرن.
پارتی دەلێت ،ئێمە ئەو كردارەی لێسەندنەوەی متمانە لە كاك هوشیار زێباری و بەو شێوەیە بە پیلانێكی سیاسی دەزانین. ئەوانەی لە پشت ئەم هەوڵەشبوون درێژەپێدەرانی سیاسەتی شۆڤێنی دژ بە كورد بوون و لێدوانەكانی رابردوو و ئێستاشیان لە میدیاكاندا گەواهیدەری ئەو راستیەن.
ئەو كەس و لایەنانە ئامانجیان لەناوبردنی هەموو ئومێدێكە بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لەم دەڤەرەداو دەخوازن رەوشەكە بۆ دۆخی سەردەمی تاكڕەوی بگەڕێننەوە. لە وەڵامی ئەو هەوڵەدا رایدەگەیەنین كە ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هاوكاریكردنی حكوومەتی بەرێز عەبادی و هەموو ئەو كەس و لایەنانە بەردەوام دەبین كە بڕوایان بە پرۆسەی دیموكراسی و رێزگرتنی دوولایەنەو گیانی لێبوردەیی و پێكەو ژیان و سەرجەم مافەكانی گەلەكەمان هەیە. بۆ ئەو لایەنانەی كە لەم پیلانگێریانەشدا بەشدارن لە كاتی خۆیدا وەڵاممان دەبێت.