مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی شكستپێهانی ئه‌زموونه‌كه‌یه‌تی
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیێنێت، کوردستان له قۆناخێكی هه‌ستیار و چاره‌نووسسازدایە، هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆ شكستپێهێنانی ئه‌زموون و پاشه‌كشه‌پێكردنی له‌ئارادایه، داواش لە لایەنەکانی کوردستان دەکات بە یەکڕیزیی رووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە.”
دەقی به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به بۆنه‌ی(48)ه‌مین ساڵیادی رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970:-
به‌بۆنه‌ی(48)ه‌مین ساڵیادی رێككه‌وتننامه‌ی (11ی ئاداری 1970) پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی كوردستان ده‌كه‌ین و، سه‌ری رێزونه‌وازش بۆ شه‌هیدانی رێگای رزگاری و سه‌روه‌ریی كاروانی نه‌پساوه‌ی خه‌باتی گه‌له‌كه‌مان داده‌نوێنین و، سڵاوورێزی بێ پایانمان له خانه‌واده و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و، سڵاو و رێز له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
رێككه‌وتننامه‌ی (11ی ئاداری 1970) كه‌به‌ر له (48) ساڵ له‌نێوان حكوومه‌تی عێراق و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی بارزانی نه‌مر مۆركرا، به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیده نه‌مره‌كان و فیداكاریی پێشمه‌رگه دلێره‌كان بوو، له مێژووی كورددا بایه‌خێكی ئێگجار مه‌زنی هه‌یه، یه‌كه‌مجار بوو حكومه‌تی عێراق دان بنێت به مافه سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و ئیداریی و كه‌لتورییه‌كانی گه‌لی كورد، هه‌روه‌ها ده‌سكه‌وتێكی هه‌ره‌گرنگی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول بوو، ده‌روازه‌یه‌كی نوێی ئاسووده‌یی و متمانه به‌خشیی واڵاكرد بۆ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌سه‌رتانسه‌ری عێراقدا و وه‌ك رووداوێكی گرنگی مێژوویی وابوو بۆ بونیاتنانی ئاینده‌یه‌كی روون و گه‌ش له رووی دیموكراسی و چه‌سپاندنی ئارامیی و سه‌قامگیریی له عێراق وناوچه‌كه‌دا.
ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه له‌سه‌ر ئاستی ده‌وروبه‌رو نێوده‌وڵه‌تیش سه‌داوده‌نگدانه‌وه‌ی خۆی هه‌بوو، رای گشتی جیهانی وروژاند‌و نێوه‌نده عه‌ره‌بی و جیهانییه‌كان به‌بایه‌خه‌وه پێشوازیان لێ‌كرد وبه‌هه‌نگاوێكی گرنگ و به‌سوودیان بۆ گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كانی عیراق له‌قه‌ڵه‌م دا.
رێككه‌وتننامه‌كه وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی مێژووییش سه‌نگ و كاریگه‌ری خۆی هه‌بوو به‌سه‌ر ره‌وتی بزاڤی رزگاریخوازیمان و نه‌ته‌وه‌ییمان به‌گشتی و لاپه‌ڕه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و سه‌روه‌ریانه بوو له مێژووی كورد و پارتیمان به سه‌رۆكایه‌تی بارزانی نه‌مر بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانمان له داهاتوودا، هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردی بۆ قۆناغێكی سیاسی پێشكه‌وتووتر گواسته‌وه به‌جۆرێك له‌سه‌ر شانۆی سیاسی‌دا وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ر و گرنگ له‌به‌ره‌وپێشچوونی روداوه‌كاندا ده‌ورورۆڵی خۆی بینی.
رێككه‌وتننامه‌ی (11ی ئادار) دوابه‌دوای ساڵه‌های ساڵ له تێكۆشان و شۆڕشی چه‌كدارانه به‌رابه‌رایه‌تی و سه‌رۆكایه‌تی بارزانی نه‌مر و زنجیره‌یه‌ك خه‌بات و تێكۆشانی بێ‌وچان و سه‌خت وخۆراگری و راپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدانی گه‌له‌كه‌مان هاته دی، هه‌نگاوێكی ئه‌وتۆی بوێرانه بوو به‌ره‌و بناغه‌ڕێژیی ئاشته‌وایی و سه‌قامگیریی و ئاوه‌دانكردنه‌وه له‌عیراقدا، ئه‌مه‌ش به‌حیكمه‌ت و پلانڕێژیی بارزانی نه‌مر و پێشمه‌رگه پاڵه‌وانه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوولی مه‌زن و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی هاته دی، كه حكومه‌تی عێراقی ئه‌وسای ناچاركرد به‌پێی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه ملكه‌چ بكات بۆ داواومافه‌ره‌واكانی گه‌لی كورد و بزووتنه‌وه رزگاریخوازه‌كه‌ی.
رێكکەوتننامه‌ی (11ی ئادار) له‌كاتوساتێكی ئاوادا راگه‌یه‌نرا، كه تاریكی و سه‌ركه‌وتكاریی باڵی به‌سه‌ر عێراق كێشابوو، رێ له ده‌نگه ئازاد و دیموكراسیه‌كان گیرابوو، نائارامیی و ئاژاوه ئه‌و وڵاته‌ی داگرتبوو، بۆیه ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه، كه له‌نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومه‌تی ئه‌وسای عێراق مۆركرا، په‌رده‌ی ئه‌و نه‌هامه‌تیه‌ی داماڵی و به‌پێی رێككه‌وتننامه‌كه عیراق به‌ڵێنی دا به جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی، هه‌روه‌ها به‌یه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ش داده‌نرێ له‌رووی یاساییه‌وه كه بۆیه‌كه‌مجار تیایدا به‌فه‌رمی دان نراوه به مافه نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی گه‌لی كورد و بڕیاردان له‌سه‌ر مافی ئۆتۆنۆمی له كوردستانی عێراق و زمانی كوردیش دووه‌م زمانی فه‌رمی بێ له‌عێراقدا و جگه له چه‌ندین ده‌سكه‌وتی دیكه‌ی گرنگی ئیداری و فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیریی.
رێككه‌وتننامه‌ی (11ی ئاداری 1970)بنه‌ماو بناغه‌یه‌كی راست و دروستی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد به‌رێگه‌ی ئاشتیانه و دیموكراسیانه داڕشت، ئه‌و هه‌نگاوه بوێر و مه‌زنه ته‌نیا جاڕدانی كۆتایی هێنان نه‌بوو به ململانێی خوێناوی نێوان شۆڕشی كوردستان و حكومه‌تی به‌غدا، به‌ڵكه چه‌ند بڕیارێكی مه‌بده‌ئی و راستیشی دا سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی له عێراق و دوارۆژی كێشه نه‌ته‌وایه‌تییه چاره‌نووسسازه‌كان، هه‌روه‌ها لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێی ئاشتی و برایه‌تی و پێكه‌وژیانی خسته‌ڕوو بۆ گشت پێكهاته‌كانی ئه‌و وڵاته و ناوخۆی كوردستانیش كه له‌دوای رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئادار پارتی و بارزانی له پێناو یه‌كڕیزی و رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كورد له‌وانه‌ش خۆشبوون كه ریزەکانی پارتی و شۆڕ‌شیان جێهێشت و بونە هاوكاری دوژمن، به‌ڵام حیكمه‌ت و دوربینی بارزانی نه‌مر و لێبوردنه‌كه‌ی رێگربوون له زیاتر گه‌وره‌بوونی درزه‌كان و فراوانبوونی كێشه‌كان، هاوكات ده‌روازه‌یه‌كی گرنگیش بوو بۆ دابینكردنی ماف و داخوازییه‌كانی پێكهاته و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك توركمان و كدان سریان ئاشوری.
سه‌ركردایه‌تی پارتی ئه‌وسا سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی رێككه‌وتننامه‌كه ئامانجێكی سه‌ره‌كی و ستراتیجی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورده، سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێیه به‌ره‌و گۆڕانكاری ئه‌وتۆ له‌ره‌وشه‌كه و ژیانی هاووڵاتیان و پێشكه‌وتن و گوزه‌رانیان، كه‌چی رژێمی به‌عس به‌رده‌وام بوو له قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات و خاویی و سستی نواندن، بۆیه تاده‌هات له‌به‌نده‌كانی پاشگه‌زده‌بۆوه له‌وانه‌ش نكوڵیكردن له شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كوردیبوونی كه‌ركووكی دڵی كوردستان و ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی دانیشتوان له‌و ناوچانه‌ی زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن و په‌یره‌وكردنی سیاسه‌تی سێكوچكه‌ی چه‌په‌ڵی ته‌عریب و ته‌بعیس و ته‌هجیر له‌و شار و شارۆچكه كوردستانیانه‌ی، كه ده‌بوایه سه‌رژمێریان تیادا ئه‌نجام بدرایه، به‌مه‌به‌ستی گۆڕین و شێواندنی واقیعی نه‌ته‌وه‌ییان و دابڕینیان له كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه بوو به‌بناغه‌یه‌ك بۆ ته‌واوی پرۆسه‌كانی دیالۆگ و گفتوگۆ، كه شۆڕشی كورد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق كردوویه‌تی و سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هێزی راپه‌ڕینه شكۆداره‌كه‌ی ساڵی (1991)یش بوو.
به‌رواری بیره‌وه‌ری رێككه‌وتننامه‌ی (11ی ئاداری 1970) هاوكاته له‌گه‌ڵ رۆژژمێری ئازادكردنی شاری هه‌ولێر له (11ی ئاداری 1991) هه‌ربه‌و بۆنه‌یه‌وه‌ش پیرۆزباییه‌كی گه‌رم و ئه‌مه‌كدارانه له رۆڵه خۆراگره‌كانی شاری دێرینی هه‌ولێر، شاری برایه‌تی و لێبوورده‌یی و وه‌فاداریی، شاری شارستانیه‌ت و ره‌سه‌نایه‌تی و پێشكه‌وتن له‌گشت بوارێكدا ده‌كه‌ین.
جه‌ماوه‌ری خۆڕاگر و به‌ڕێزی كوردستان..
هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان له قۆناغێكی چاره‌نووسساز و هه‌ستیار و گرنگدایه، وێڕای كێشه و گیروگرفته نێوخۆییه‌كان، ئابڵوقه و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی دوژمن و نه‌یار و ناحه‌زانی گه‌له‌كه‌مان و درزخستنه ناو ریزه‌كانی نێوخۆیی ماڵی كوردستانی بۆ شكستپێهێنانی ئه‌زموونه‌كه‌مان و پاشه‌كشه‌پێكردنی له‌ئارادایه، سیاسه‌تی برسیكردن و تاكڕه‌وی حوكمڕانی و ئه‌قڵیه‌تی قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات و داهات و داگیركردن و گۆڕینی دیموگرافی خاك بۆ مه‌رام و مه‌به‌ستی نه‌شیاوی ململانه‌ی سیاسی و حزبی و مه‌زهه‌بی و قه‌ومی له چوارچیوه‌ی حكومه‌تی فیدڕالدا ره‌وشه‌كه‌ی ئاڵۆزتركردووه و به‌مه‌ش تاراده‌یه‌كی زۆر پره‌نسیپه‌كانی لێكتێگه‌یشتن و پێكه‌وه‌ژیان و دانوستان و پیاده‌كردنی ده‌ستوور فه‌رامۆشكراون، بۆیه ئه‌مڕۆ بارودۆخه‌كه له‌هه‌ر كاتێكی دیكه زیاتر پێویستی به هۆشیاریی و وریایی و هه‌ماهه‌نگیی و به‌رپرسیاریه‌تی گشت لایه‌ن و حزبێكی سیاسییه، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه و داموده‌زگا و ناوه‌نده رۆشنبیریی و میدیایی و مه‌ده‌نییه‌كانه كاربكه‌ن بۆ هاوئاهه‌نگی و پته‌وكردن و به‌هێزكردنی هاوهه‌ڵوێستی و یه‌كده‌نگی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفت و پرسه سیاسیه‌كان و پاراستنی خاك و نیشتیمان و ده‌سكه‌وته‌كانمان و دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتیانمان.
به‌و بۆنه‌یه‌وه و وێرای جارێكی دیكه‌ی پیرۆزباییمان له خانه‌واده و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و گه‌لی كوردستان، دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه ئێمه وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌میشه مكوڕ و سوورین له‌سه‌ر هه‌مان رێبازی كوردایه‌تیمان و پارتایه‌تیمان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ره‌تدانی ئه‌و قۆناغه به‌رێگه‌ی دانوستان و گفتوگۆ و پره‌نسیپه دیموكراسیه‌كان، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕالیش پێداده‌گرین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی ده‌ستوور و دابینكردنی ته‌واوی ماف و پشك و ئیستیحقاقاته‌كانی گه‌لی كوردستان له هه‌رێمی كوردستان، كه به‌پێی ده‌ستوور دانیان پیانراوه و چه‌سپاون و ده‌ستووریش وه‌كو یه‌ك پاكێج سه‌یرده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردن، له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه و جیهانیش زیاتر پێویستیمان به‌كار و كۆششی به‌رده‌وام هه‌یه له‌رووی سیاسی و دیپلۆماسیه‌وه بۆ پته‌وكردن و به‌هێزكردن و پاراستن و داكۆكیكردن له‌و قه‌واره سیاسیه شه‌رعییه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سكه‌وته‌كانمان و وه‌ده‌ستهێنانی ته‌واوی مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان، هه‌روه‌ها به‌هیچ جۆر و شێوه‌یه‌كیش سازش و پاشگه‌زبوونه‌وه له بڕیاری بوێرانه‌ی گه‌ل و له‌و چوارچیوه شه‌رعیه‌ی هه‌رێمی كوردستان مایه‌ی قبووڵكردن نییه.
سڵاو له‌بیره‌وه‌ری (48)ساڵه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی مێژوویی (11)ی ئادار..
نه‌مریی و سه‌ربه‌رزیی بۆ شه‌هیدانی رێگای رزگاریی كورد و كوردستان..
سڵاو له گیانی پاكی بارزانی نه‌مر و كاكه ئیدریسی هه‌میشه زیندوو..
به‌رز و شه‌كاوه‌بێ ئاڵای پیرۆزی كوردستان..
مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
11/3/2018