بارزانی و ئۆرسولا ڤۆندەر لەین, باسی چیان كرد
ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد ڕۆژی هەینی 23ـی 9ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئۆرسۆلا فۆندێرلاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە فرانز جوزێف كریمپ باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و جەنەڕاڵ ماركوس نیپ سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەڵمانیا و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا.
هەر لەهەواڵەكەی ماڵپەری سەرۆكایەتی دا هاتووە ، لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا كە بۆ چوارەمین جارە سەردانی كوردستان دەكات سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ڕێز و پێزانینی خۆی خستەڕوو بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم لە پەنادانی ئاوارەكان و ستاییشی پێشمەرگەی كرد كە بە قوربانیدانی خۆی داعشی شكاند و هیوای بۆ جیهانیان گەڕاندەوە و پێشانی دا كە داعش هێزێك نییە كە تێكنەشكێت. وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بە پێشمەرگە دا وەك نموونەیەك بۆ جیهانیان و هیوایشی خواست كە گیانی بنیاتنان و بووژانەوە و پێكەوەژیان لەدوای داعش لە عێراقدا دروست ببێت ئەو گیانەی كە گەلی كوردستان و پێشمەرگە لە ناوچەكەدا سەرقافڵەی بوونە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە هەوڵەكانی سوپای ئەڵمانیا بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە و مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە كرد و جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كردەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە هاوكاریی پێشمەرگەیان كردووە و هاوكارییە سەربازییەكانی ئەڵمانیای بە گرنگ وەسف كرد بە جۆرێك كە هاوكێشەی شەڕەكانی لە قازانجی پێشمەرگەدا گۆڕی و سەردانەكانی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیاشی بۆ كوردستان بە گرنگ و پڕمانا لە قەڵەم دا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا وەك لەهەواڵەكەدا، باس لە پلانی ئازادكردنی موسڵ و ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەبارەی هەماهەنگییەكانی شەڕی ئازادكردنی موسڵ كرا و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بەو ڕێككەوتنە و هیوای خواست ئەنجامی باشی لێ بكەوێتەوە.
لەبەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا باس لە قۆناغی دوای داعش كرا و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئامانجی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی شكستدانی داعش و ئازادكردنی موسڵە. هەروەها جەختی لە گرنگیی قۆناغی دوای داعش كرد و ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە دڵنیایی بدرێتە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و ئاساییشیان پارێزراو بێت و پەیوەست بە قۆناغی دوای داعش تێبینی و ئامۆژگارییەكانی خۆی بۆ شاندی میوان خستەڕوو.
شایانی باسە لەو كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و سەربازی و ئەمنییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
هەر لەدوای كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە پڕێسكۆنفڕانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن شی كردەوە.
خواكوڕك