یەپەگە رادەستكردنی عەفرین رەتدەكاتەوە
یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، رەتیكردەوە، هێزەكانیان لە عەفرین پاشەكشێ پێبكەن، لە بەرامبەر راگرتنی هێرشی سوپای توركیا و میلیشیا هاوپەیمانەكانی.
فەرماندە لە یەكینەكانی پاراستنی گەل، نوری مەحموود رایگەیاند، “ئێمە خەڵكی ناوچەكەین. زێدی خۆمان دەپارێزین و چۆڵی ناكەین بۆ ئەوەی رێكخراوی داعش و قاعیدەی تیرۆریست بێنە ناوی”.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەری سپۆتنیك، نوری مەحموود گوتیشی: “پێشنیازی پاشەكشێ لە عەفرین بە تەواوی رەتدەكەینەوە”.
سەبارەت بەو پێشنیازەی پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخواز خستوویەتییەڕوو، نوری مەحموود گوتی: “ئەو پارتە لە سایەی یەكینەكانی پاراستنی گەلدا دەژیت و روون نییە ئایا لەسەر چ بنەمایەك ئەو پێشنیازەی كردووە و سەنگی چەندە، ئایا ئەو لایەنە توانای ئەوەی هەیە نێوەندگیری لە نێوان یەكینەكان و سوپای توركیا بكات”.
پێشتر ئەحمەد سلێمان، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی پێشكەوتووخواز رایگەیاندبوو، رەوشی عەفرین زۆر مەترسیدارە. زیاتر لە ملیۆنێك هاووڵاتی ژیانیان لە مەترسیدایە. تا ئێستا هیچ دەرچەیەكی سیاسی و فشارێكی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی ئەو شەڕ و داگیركارییەی توركیا دیار نییە.
گوتیشی: “دوو رۆژە پێشنیازێكمان كردووە، یەكینەكان بچنە دەرەوە و سوپای توركیا بگەڕێتەوە سنوور. ئیدارەیەكی مەدەنی پێكبهێنرێت. چونكە رەوشەكە و شەڕ لە بەرژەوەندی كەسدا نییە”.
سوپای توركیا لە 20ی كانوونی دووەم/ یەنایری 2018ەوە بە یاوەری زیاتر لە 25 هەزار چەكداری میلیشیا ئیسلامییەكانی بەرەی نووسرە و بەرهەڵستكارە سوورییەكان هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر عەفرین دەستپێكردووە.