فوئاد مەعسوم: كارمان بە بەشە بودجەی هەرێم نیە
دوای ئەوەی لە رێگای كاركردن بە زۆرینەو كەمینەی پەرلەمان بە بێ گەڕانەوە بۆ رای كورد بودجەی 2018ی عێراق تێپەڕێنرا, فوئاد مەعسوم سەركۆماری عێراق رایگەیاند تەنها بۆ لێكۆڵینەوە لە كێشەی تەكنیكی بودجەی گشتیی عێراق دەخوێننەوە، دەنا كاری بەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانەوە نیە.
ئێوارەی ئەمڕۆ مەعسوم لە دیدارێكی كەناڵی تەلەڤزیۆنی “ئەلسۆمەریە”ی عێراقیدا دووپاتی كردەوە كە سەرۆكایەتی كۆمار پێش پەسەندكردنی بودجەكە، تەنها لە هەڵەی تەكنیكی و نادەستووریبوونی پرۆژەی بودجەی گشتی دەكۆڵنەوە.
ئاماژەی بەوەش داوە كە پێویستە پەرلەمانی عێراق چاو بەو بەشانەی بودجەدا بگێڕێتەوە، ئەگەر لەگەڵ دەستووردا نەیتەوە.
فوئاد مەعسوم گوتیشی پسپۆرە یاساییەكان لە سەرۆكایەتی كۆمار لە یاسای بودجەی گشتی دەكۆڵنەوە، ئەگەر هەڵەی تەكنیكی و بابەتی دژە دەستووری تێدانەبێت، پەسەندی دەكەن.
لە كاتێكدا لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، بەشی هەرێمی كوردستان لە 17%وە بۆ 12.6% كەم كراوەتەوە و بودجەكە رەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار كراوە، فوئاد مەعسوم دووپاتی كردەوە كە ئەوان لە بودجەی گشتیی عێراقدا، كاریان بە بەشی هەرێمی كوردستان لەنێو بودجەكە نیە، بەڵكو تەنها لە هەڵەی تەكنیكی و نادەستووری دەكۆڵنەوە.