شوان محەمەد: دەسەڵاتدارانی عیراق نایانەوێت شتێك هەبێت بە ناوی هەرێم

دوای ئەوەی حكومەتی عێراق بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی و هێڕشی سەربازی كردە سەر هەرێمی كوردستان, بەرپرسێكی پارتی دەڵێت” بەرپرسانی عیراق، بڕوایان بە دیموكراسی و فیدراڵی نەماوە و باس لەوەشدەكات، پێویستە ئەوە رونبكرێتەوە كە بەغدا بە یاسا و دەستور دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات یان بە ئاگرو ئاسن”.
شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا كە پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بوو رایگەیاند” هیچ هێزێك ناتوانێت لە جیهاندا ئیرادەی خەڵك بشكێنێت، رەنگە بۆماوەیەكی كورت بتوانێت بە ئاگر و ئاسن دەسەڵات بگرێتە دەست، بۆیە پێویستە ئەوە روونبكرێتەوە كە ئایا عیراق وڵاتی ئاگر و ئاسنە؟ لە وەها ئەگەرێكیشدا سەركردایەتی سیاسی كوردستان و هاووڵاتیانی كوردستان بژاردەی تریان لە بەردەمدا دەبێت”.
وتیشی” ئەگەر حكومەتی عیراق حكومەتێكی دیموكراسیە، یاسا و رێساكانی دیموكراسی دیارن و ئەگەر حكومەتێكی فیدراڵیشە، یاسا و رێساكانی فیدراڵیش دیارن”.
باسی لەوەشكرد، دەسەڵاتدارانی ئێستای عیراق نە لەگەڵ دیموكراسیدان و نە لەگەڵ فیدراڵیدان، تەنانەت نایانەوێت شتێك هەبێت بە ناوی هەرێم، كە قەوارەیەكی دەستورییە.

Back to top button