هاوپەیمانان لە بناری چیای قەرەچووغ حەشارگەیەكی داعشیان بۆردومان كرد

دوای ئەوەی سەرچاوە سەربازیەكان ئاشكرایان كرد كە لە بناری چیای قەرەچوغ چەند جارێك گرووپی چەكداری داعش دەركەوتوون, ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكەكانی هاوپەیمانان حەشارگەیەكی داعشیان لە بناری قەرەچوغ بۆردومانكرد,

سەرچاوەیەكی سەربازی بە (خواكوڕك)ی راگەیاند، حەشارگەیەكی چەكدارانی داعش لە بناری چیای قەرەچووغ، لە لایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشەوە كرایە ئامانج و بۆردومانكرا.

ئەو سەرچاوەیە، گوتیشی: هێرشی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان كاتژمێر 08:00ی ئەمشەو ئەنجامدراوە.

ئاشكراشیكرد، لە ئاكامی بۆردومانەكەدا، حەوت چەكداری داعش كوژراوون.

بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو حەشارگەیەی چەكدارانی داعش، تەنیا یەك كیلۆمەتر لە سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە دووربووە.

بۆ یەكەمجار هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە مانگی ئابی 2014دا بە بۆردومانكردنی مۆڵگەی چەكدارانی داعش، شەڕی دژی ئەو رێكخراوە راگەیاند و تا ئێستا بەردەوامە لە بۆردومانكردنی گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە داعش.

رێكخراوی داعش، كە لە دوای داگیركردنی مووسڵەوە لە 10ی حوزەیران/ یۆنیۆی 2014 خیلافەتی راگەیاندبوو، دوای زیاتر لە سێ ساڵ شەڕ و پێكدادان، لە مانگی دیسێمبەری رابردوودا، سەرۆك وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر ئەو رێكخراوەدا راگەیاند، بەڵام هێشتا بەرپرسانی مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لەناو نەچووە، وەك ئەوەی بەرپرسانی سەربازی و سیاسی ئەمریكا ئاماژەی پێدەكەن.

Back to top button