نەوەیەكی شێخ مەحمودی حەفید خزمهتی حیزبێكی عهرهبی دهكات
ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی لە هەولێرو سلێمانی بارەگای هەیە، بەڵام لە هەولێر چالاك نییە، بەپێچەوانەوە لە سلێمانی لیستی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 12ی 5ی 2018 ئەنجامدەدرێتو مانگی داهاتوو هەڵمەتی بانگەشە دەستپێدەكات.
نەوەیەكی شێخ مەحمودی حەفید كەسی یەكەمی حزبێكی عەرەبیی عێراقییە لەسلێمانیو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لیستیان هەیەو بەچڕیی كاربۆ دەرچوونی كاندیدەكانیان دەكەن.
كاركردن لەناو ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی كە عەممار حەكیم كەسایەتیی دیاری شیعەكانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، شێخ مستەفای كوڕی شێخ كاوەی كوڕی شێخ لەتیفی شێخ مەحمودی حەفیدی ڕوبەڕوی ڕەخنە كردووەتەوە، بەڵام ئەو وەڵامی هەیە بۆ ڕەخنەكان.
شێخ مستەفای كوڕی شێخ كاوەی كوڕی شێخ لەتیفی شێخ مەحمودی حەفید دهڵێت :”ڕاستە بەرپرسی مەكتەبی ڕەوتی حیكمەم لە سلێمانی كە حزبێكی عێراقیی عەرەبییە، بەڵام وەك ئەجندای جێبەجێكردنی فكری شیعەگەریی بەدڵنیاییەوە ئەوە لای من نییە، زۆر ڕەخنەم لێگیراوە لەسەر ئەوبابەتە دوای ئەوەی ڕوونكردنەوەم داوە خەڵك بڕوایان بە قسەكانم هێناوەو ئێمە كوردینو شانازیی بە كوردایەتییەوە دەكەین”.
ههروهها شێخ مستهفای كوڕی شێخ كاوهی حهفید دهشڵێت :پەیوەندییەكی مێژوویی سەد ساڵە لە نێوان بنەماڵەی حەفیدو حەكیمدا هەیە كە بۆسەردەمی شێخ مەحمودو موحسین حەكیم دەگەڕێتەوە، ئەوەش وایكردووە بنەماڵەی حەكیم كە ناودارن لەناو شیعەكانی عێراقدا داوا لە شێخ مستەفای نەوەی شێخ مەحمود بكەن بچێتە ناو حزبەكەیانو ببێتە كەسی یەكەمیان لە پارێزگای سلێمانی.
ئەو ڕێگایەی شێخ مستەفای نەوەی مەلیك مەحمود گرتویەتییەبەر لە كاتێكدایە،پەیوەندییەكانی هەرێمو بەغدادیش لە دۆخێكی خراپدانو بەغداد چەندین سزای بەسەر هەرێمدا سەپاندووە كە كاریگەریی تەواویان لەسەر خەڵك دروست كردووە.
لە كاتێكدا شێخ مەحمود سەدەیەك لەمەوبەر حكومەتی كوردیی لە سلێمانی دامەزراندووەو كاری بۆ سەربەخۆیی كردووەو بووەتە مەلیكی كوردستان، ئێستا بۆچی نەوەیەكی كار بۆ یەكپارچەیی عێراق دەكات لەچوارچێوەی حزبێكی عەرەبیدا؟