پرسی دەستلەكاركێشانەوەی بەرهەم ساڵح لەناو یەكێتی یەكلانەبووەتەوە
بەقسەی كەسی یەكەمی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی نیشتمانی، كەس نازانێت بەرهەم ساڵح لەچیو چۆن دەستیلەكاركێشاوەتەوەو تاوەكو ئێستا نامەكەیان نەبینیوە، جەختیش دەكاتەوە دەبێت دەستلەكاركێشانەوەكەی لەسەركردایەتی یەكێتی پەسەندبكرێت.
رەفعەت عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ هەفتەنامەی رووداو، كە ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاوبووەتەوە لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا: تائێستا بەفەرمی دەستلەكاركێشانەوەی د.بەرهەم قبوڵنەكراوە، لەكاتێكدا خاوەنی قەوارەی تایبەتی خۆیەتی و لیستی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەیە، تاكەی چاوەڕێی دەكەن؟ دەڵێت: “پێشتر، كە مەكتەبی سیاسی هەبوو ئێستاش، كە سەركردایەتی هەیە، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی “بەرهەم ساڵحمان نەبینیوە، داواشمان كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستاش كەس نازانێت د.بەرهەم لەچی و چۆن دەستی لەكار كێشاوەتەوە، بۆ زانیاریش دەستلەكاركێشانەوەی د. بەرهەم دەبێت لە سەركردایەتیی یەكێتی پەسەندبكرێت”.
قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری بەسەرۆكایەتیی بەرهەم ساڵح، لە رۆژی ١٦ی ئەیلولی ٢٠١٧ لەكۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستان تۆماركرا، پاشان لە ٢٧ی كانوونی یەكەم بەفەرمی مۆڵەتی كاركردنی لەكۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق وەرگرتو لیستی بۆ هەڵبژاردنی مانگی ٥ی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق هەیە.