هه‌ڵه‌بجه.. سكالای یاسایی له‌سه‌ر 25 كۆمپانیا تۆمار ده‌كرێت
رۆژی 16/3/1988 ڕژێمی له‌ناوچووی به‌عس هه‌ڵەبجه‌ی شه‌هیدی به چه‌كی كیمیاوی بۆردوومان كرد، به‌و هۆیه‌وه نزیكه‌ی پینج هه‌زار كه‌س له خه‌ڵكی ئه‌و شاره شه‌هید بوون و ژماره‌یه‌كی یەكجار زۆریش بریندار بوون و به‌شێ له‌وانه ئێستاش به‌و برینهوە ده‌ناڵێنن.
پارێزه‌ر ئه‌یاد كاكه‌یی، ڕایگه‌یاند: “بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌ڵەبجه وا هه‌ست نه‌كەن كه له‌بیر كراون و هیچ كه‌سێك كار بۆ كه‌یسی كیمیاباران ناكات، ئێمه ئه‌مڕۆ سێ پارێزه‌ر هه‌ریه‌كه له ئه‌یاد كاكه‌یی و محه‌مه‌د ساڵح و گاڤرێل مایرۆن، به هاوكاریی كۆمپانیای ئێم ئێم لوی ئه‌مه‌ریكایی له دادگای هه‌ڵەبجه سكاڵامان له‌سه‌ر 25 كۆمپانیای بیانی و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی تۆمار كرد، كه هاوكاریی ڕژێمی به‌عسیان كردووه له كیمیابارانكردنی هەڵەبجە.”
پارێزه‌ر ئه‌یاد كاكه‌یی راشیگه‌یاند: ” كۆمپانیای ئێم ئێم لوی ئه‌مه‌ریكایی ماوه‌ی 10 ساڵه به‌ڵگه كۆ ده‌كاته‌وه له‌باره‌ی ئه‌وانه‌ی هاوكاریی ڕژێمی به‌عسیان كردووه له كیمیابارانكردنی هه‌ڵەبجه، بۆیه ئێمه ئه‌مڕۆ سكاڵاكه‌مان تۆمار كرد ، دادگا یه‌كه‌م دانیشتنی له ڕێکەوتی 23/7ی ئه‌م ساڵ داناوه و ئه‌و كۆمپانیا و كه‌سانه ئاگادار ده‌كرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێکەوتەدا ئاماده‌ی دانیشتن بن و ئه‌گه‌ر ئاماده‌ش نه‌بن، دادگا بڕیاری خۆی ده‌دات.”