بۆمبە تەوقیتکراوەکەی هەرێمی کوردستان چییە؟
راپۆرتی شیكاری: تەنیا کوردی
گازی سرووشتی جارێکی دیکە ئانکارا و تاران و بەغدا بەرەو هەولێر دەگەڕێنێتەوە ئەمە چۆن؟ کوردستان دەتوانێ ببێتە ناوەندێکی گرینگی ئابووری؟
ئەگەر سەیری عێراق بکرێ ساڵانە پێویستی بە نزیکەی ١٧ ملیار مەتر سێجا لە گازی سرووشتی هەیە، تەنیا بۆ کارەبا نزیکەی ٣ ملیار مەتر سێجای دەوێ. بەغدا ئەگەر لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکنەکەوێ و گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆی دابین نەکرێ ئەوا کەڵک لە فرۆشتنی نەوتەکەی وەرناگرێ، چونکە دەبێ بۆ کڕینی گازی سرووشتی لە ئێراندا بەشێکی زۆری پارەی نەوت بە ئێران بدات. ئەگەرچی بەغدا بەرنامەی داناوە بری هەناردەی نەوتی لە نزیکەی ٥ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ ساڵانی دابێ بەرزبکاتەوە بۆ ٩ ملیۆن بەرمیل نەوت و دەست بۆ تەواوی یەدەگی نەوتی خۆی ببات بۆ ئەوەی لە قەیران دەرچێ لەگەڵ دەستبردن بۆ نەوتی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ هەولێر رێکنەکەوێ ئەوا لەژێر گوشاری قەیرانی ئابووری دەرناچێ. چونکە هەم نەوت بەشێکی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە، هەمیش بەشێکی دیکەی لەنێو هەرێمدایە.
تورکیا؟
تورکیا لانی کەم ساڵانە پێویستی بە ٤٨ ملیار مەتر سێجا لە گازی سرووشتی هەیە، تورکیا لە ٢٠٣٠ دا پێویستی بە ٨١ ملیار مەتر سێجای گازی سرووشتی هەیە، تورکیا بەهۆی قەیرانی سیاسی و ئابوورییەوە چاوی بە تەواوی بڕیوەتە گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان، چونکە دەیەوێ هیچ نەبێ لەساڵانی دابێ ٣٠ ملیار مەتر سێجای لە گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان دەست کەوێ. تورکیا دەیەوێ چیدی بەو نرخەی کە غازی سرووشتی لە رووسیا دەکڕێ و نزیکەی ٦٠%ی لە رووسیاوەیە بۆ دێ، بەو نرخە نەکڕێ، بەشێکی لە هەرێمی کوردستانەوە دەستکەوێ و لەو گوشارە دەرچێ کە بەنرخێکی گرانبەها ناچار بە کڕینی غازبێ لە رووسیاوە، بۆیە لە هەرێمی کوردستان هەم نزیکتر و هەمیش بەنرخێکی گونجاوتر دەتوانێ غازی سرووشتی دەست کەوێ.
ئێران؟
ئێران ئەگەرچی خاوەنی غازی سروشتی خۆیەتی، بەڵام دەیەوێ بەهەرجۆرێک بێت غازی سرووشتی هەرێمی کوردستان لەوێوە هەناردە بکرێ، بۆئەوەی خۆی ببێتە خاوەنی هەناردەی غازی سرووشتیی بۆ ناوەندەکانی دیکەی جیهان بۆیە ئێران هەموو هەوڵێک دەدات کە زوو دەستی خۆی بوەشێنێ لە تورکیا و دەستی بە غازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان بگات.
هەرێمی کوردستان؟
هەرێمی کوردستان لە گازی سرووشتییدا خاوەنی ٢٠٠ ترلیۆن پێ سێجایە واتە ٥.٧ ترلیۆن مەتر سێجا.
لە ٢٠٢٠ دا هەرێمی کوردستان بەرەو هەناردەی غازی سرووشتی دەکەوێتە جوڵە، توانای هەناردەکردنی غازی سرووشتی لە ساڵێکدا تا ٣٠ ملیار مەترسێجا دەبێ، هەرێمی کوردستان بە هەناردەی غازی سرووشتی بەڵێنی نووسراوی لە گرەنتی بوونی هەم لە وڵاتانی ئیقلیمی و هەمیش لە وڵاتانی دیکەی جیهان دەستدەکەوێ، چونکە رووسیا بەر لەهەموو دەوڵەت خۆی بەو کارە ئامادەکردووە لە ڕێگەی کۆمپانیای رۆسنەفتەوە.
جیۆئابووری؟
ئێران رێگەی بە تورکیا داوە دەست بۆ خاکی بەتاڵی عێراق درێژ بکات، ئێستا تورکیا باسی لەشکرکێشی و هێرشی ئاسمانی بۆسەر پەکەکە دەکات. بەڵام ئێران بۆسەیەکی سیاسی گەورەی بۆ تورکیا ناوەتەوە کە دەیەوێ تا تورکیا بەئاگادێتەوە دەستی لە نەوتی کەرکووک و غازی هەرێم گیرنەبێ.
ئێران دەیەوێ نەوتی کەرکووک هەرچۆنێک بێ بە رێگەی تارانەوە گرێبدات، پڕۆژەیەکی مەودادووریشی کێشاوە کە غازی هەرێم بە بۆڕی لە جیاتی ئەوەی بۆ ئانکارا بچێ بەرەو تاران درێژببێتەوە.
ئێران عەفرینی پێشکەش بە تورکیا کردووە، دەیەوێ قەندیل و شنگالیشی پێشکەیش بکات، بەڵام لە پەنای ئەمەوە دەیەوێ تورکیا لە جەوهەری نەوتی هەرێمی کوردستان بە کەرکووکەوە دوور بخاتەوە و هەروەها تورکیا لە هەمانکاتدا دەستی بە غازی هەرێم نەگات.
تورکیا رێگەی دەربازبوونی تەنیا بە هەولێر تێپەڕدەبێ، ئەگەر نەگەڕێتەوە بۆ هەولێر ئەوا دەکەوێتە بۆسەی سیاسی ئێرانەوە و لە نەوت و غازی هەرێم بێبەش دەبێ، بۆیە هەم ئانکارا و هەمیش تاران لەماوەی دابێ دەکەونە کێبرکێ و دانوستان لەگەڵ هەرێم لەسەر غازی سرووشتییەوە، بەغدایش لەو نێوەندەدا دەیەوێ لەم خاڵەدا خۆی لەگەڵ هەرێم یەکلابکاتەوە، چونکە تا ئێستا لەسەر غازی سرووشتی هەرێم، لە نێوان بەغدا و هەولێر هیچ رێککەوتنێکی پێشوەختە نەکراوە.
لە دەرەنجامی ئەو خاڵەدا ئاسۆیەکی گەش چاوەڕێی هەرێمی کوردستانە کە لە داهاتوویەکی مەودا دووردا هەرێم بە توانا ئابوورییەکەیەوە دەکەوێتەوە سەر سکەی خۆی و دەتوانێ بەرژەوەندییەکانی زیاتر گرەنتی بکات. هەرێمی کوردستان بە گرێبەستی لەگەڵ رۆسنەفت هەنگاوێکی ژیرانەی نا، چونکە توانی ئەو کێشەیە نەهێڵی کە تورکیا و ئێران و بەغدا دەست بەسەر غازی سرووشتی دابگرن، چونکە رۆسنەفت لە رێگەی بۆڕیەکی غازەوە کە لە هەرێمی دروستی دەکات هەناردەی ئەو غازە دەکات بۆ تورکیابێ یان ئێران، بۆیە ئانکارا و بەغدا و تاران ناتوانن ململانێی ئەو کۆمپانیایە بکەن چونکە هاوپەیمانی رووسیان و ژیری هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا دەرکەوت کە بۆچی گرێبەستیان لەگەڵ رۆسنەفت کردووە.