“كورد بەناحەق كۆمەڵكوژی دەكرا كەچی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دوودڵ بوو كە بەجینۆساید بناسێنێت”

سایمێن ئادەمز، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری لە ناوەندی پاراستنی خەڵك لە كۆمەڵكوژی دەڵێت، ئەوە دەزانین، كە لەسەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێران چۆن هێرشی ناحەق و ناڕەوا كرایە سەر گەلی كورد و ستەمكاری بەرامبەر بە كورد كرا، كە خەڵكی هەڵەبجەش بەشێك بوون لەو قوربانیانە.

ئەو قسانەی ئادەمز لە كۆنفرانسی كۆمەڵكوژی كورد و كیمیابارانی هەڵەبجە هاتوون، كه لە واشنتۆن بەڕێوەچوو و دووپاتیكردەوە، “ئەوكات دەمانبینی، كە دەسەڵاتی بەعس تۆمەتی ئەو هێرشانەی خستبووە ئەستۆی كۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام راستییەكان پێچەوانەی ئەو زانیارییانەیان سەلماند و ئەوەی لە هەڵەبجە روویدا، كۆمەڵكوژی بوو و، وێڕای ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وردەكاری تەواوی رووداو و تاوانەكانیشی دەزانی، بەڵام زانیارییەكان بەهەڵە گەیەندرانە جیهان”. گوتیشی، “لە 16 ئاداری 1988، بەهۆی گازە ژەهراوییەكانی رژێمی بەعسەوە، زیاتر لە 5 هەزار هاووڵاتی كوردی سڤیل شەهید بوون و بە هەزارانی دیكەش بریندار بوون، كە تائێستاش ئازار دەچێژن”.

ئادەمز دووپاتیكردەوە، “كیمیابارنی هەڵەبجە یەكێك بوو لە دڕندەترین هێرش و كۆمەڵكوژی كە لەكاتێكی دیاریكراودا كرایە سەر گەلی كورد و، حكوومەتی ئەوكاتی بەغدا یەكەم حكوومەت بوو كە بە چەكی كیمیایی خەڵكەكەی كردۆتە ئامانج، لەوەش زیاتر، هەوڵی زۆری دا كە كورد لە عێراق بەتەواوەتی لەناو ببات و ناسنامەكەی بسڕێتەوە”.

بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە ناوەندی پاراستنی خەڵك لە كۆمەڵكوژی گوتیشی، “چەندین ساڵ تێبینیمان كرد، حكوومەتی عێراق پەیڕەوی سیاسەتی تەعریبكردنی دەكرد و، خەڵكی بەزۆر لەناوچەكانیان دەگواستەوە و لەسێدارەیدەدان، ئێمەش لەوباوەڕەداین هەڵبەجەش یەكێكە لەو كارەساتە گەورانەی دەرهەق بە گەلی كورد كراوە و، لە لوتكەی بەریەككەوتنەكانه، كە بە فەرمانی عەلی حەسەن مەجید هێرشەكە ئەنجامدرا”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، “ستەمكارییەكی دیكەی ئەو سەردەمی حكوومەتی عێراق ئەوەبوو، كە دەستی بە هەڵمەتی ئەنفال كرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دوودڵ بوو لەوەی ئەو كارەساتانە بە جینۆساید و كۆمەڵكوژی بناسێنێت، لەكاتێكدا هەموومان دەزانین كە تاوانی ئەو خەڵكە تەنیا ئەوە بوو كە كورد بوون”.

ئادەمز گوتی، “وێڕای رووخاندن و سووتاندنی هەزاران گوند و دێهات، رژێمی عێراق بە بەردەوامی هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیا و پێكهاتەی ناوچەكەشی دەدا، كە ئامانج لەو هەموو تاوانانە بۆ سڕینەوەی نەتەوەی كورد بوو”.

بە بۆنەی سییەمین ساڵیادی كیمیایبارانكردنی شاری هەڵەبجە و شاڵاوەكانی جینۆسایدی كوردستان، لە واشنتن كۆنفرانسێكی تایبەت لە بارەی جینۆسایدی كورد و هەڵەبجە رێكخرا.

 

Back to top button