كێشە لەكێلگەی نەوتی تەق تەق دروست بووە رێژەی هەناردەكردن كەمبۆتەوە
خواكوڕك
بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی نەوتی تەق تەق بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی زیاتر لە سەدا 50 دابەزیوە و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوتیش خەریكی نۆژەنكردنەوەی بیرە نەوتییەكانی ئەو كێڵگەیەن لە پێناو بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.
عەباس فەتاح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، كە ئێستا كێڵگەی نەوتی تەق تەق رۆژانە 60 بۆ 65 هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەمدێت، ئەمە لەكاتێكدایە لە ساڵی رابردوو ئەو كێڵگە نەوتییە رۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەمدەهێندرا.
بەپێی قسەی ئەو ئەندام پەرلەمانە، هۆكاری دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگەیە بەهۆی وەستانی بەرهەمهێنانی نەوتە لە 10 بیرە نەوتی ئەو كێڵگەیە.
ووتیشی: “ئێستا كۆمپانیای تی تی ئۆپكۆ و گەنەل ئینیرژی كاری نۆژەنكردنەوە بۆ ئەو 10 بیرە دەكەن و تاوەكو ئێستاش دوو بیری نەوتییان نۆژەنكردووەتەوە”.
سەبارەت بە دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت و سستی نۆژەنكردنەوەی بیرە نەوتییەكان، دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: “قەیرانی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناچاركرد لە دوو ساڵی رابردوو نەوتی زیاتر بەرهەمبهێنێت، ئەمەش بووەتە هۆكاری زیان گەیشتن بە هەندێك لە بیرە نەوتییەكان هەروەها درەنگ پێدانی حەقدەستی كۆمپانیاكان كاری كۆمپانیاكانی سستكردووەتەوە”.
كێڵگەی نەوتی تەق تەق لە ساڵی 1953 نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە و لە ساڵی 1999 نەوتی تێدا بەرهەمدەهێندرێت ، 29 بیری نەوتی تێدایە و جۆری نەوتەكەشی بە باش دادەنرێت و ئاستی چڕی نەوتەكەی لە سەرووی 30 پلەیە.