سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد: دڵنیابن بۆ پاره‌ واز له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ناهێنین

محەممەد ئەمین پێنجوێنیی سیاسەتمەدار و كه‌سایه‌تی دیاری كردوستان، له‌ باره‌ی سزا دارایی و ئابوریی و سیاسیه‌كانی عێراق له‌سه‌ر گه‌لی كوردستان ده‌ڵێت.” هیچ كات گه‌لی كوردستان بۆ پاره‌ واز له‌سه‌ربه‌خۆیی ناهێنێت.”

له‌و باره‌وه‌، (محەممەد ئەمین پێنجوێنی) كه‌سایه‌تی دیاری كوردستان، له‌ لێدوانێكدا گوتویه‌تی.” كه‌  حكوومەتی عێراق بە سیاسەتی فرتوفێڵ كار بۆ ئەوە دەكات تەواوی مەسەلەی كورد لە مووچەی فەرمانبەراندا كۆ بكاتەوە، كە دەمێكە كار لەسەر ئەو سیاسەتە دەكەن، تا كورد وا لێ بكەن تەنیا بیر لە مووچە بكاتەوە، ساڵی 2014ـیش یەكەمین هەنگاوی بەغدا، سیاسەتی برسیكردن و بڕینی قووتی هاووڵاتیان بوو، بۆ ئەوەی گەلی كورد بیر لە ژیانی ڕۆژانە بكاتەوە و ‌واز لە سەربەخۆیی كوردستان و جیابوونەوە لە عێراق بێنێت، بەڵام با له‌وه‌ زۆر دڵنیابن كه‌ هەرگیز گه‌لی كوردستان پشت لە سەربەخۆیی و مافە ڕەواكانی ناكات كە 100 ساڵە خوێنی لە پێناودا دەڕێژرێت.

پێنجوێنی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌.” كه‌ ڕاستە ئێستا شەقامی كوردی ڕۆژانە لە هەواڵی هاتنی مووچە دەپرسێت لە بەغداوە، بەڵام هەرگیز كورد واز لە بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان ناهێنێت، چونكە ئەو قۆناغەی برسیكردنی هاووڵاتیانی كوردستان تێدەپەڕێت، مەسەلەی ئازادی و سەربەخۆی كە 100 ساڵە شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی كورد خوێنی بۆ دەڕێژێت، هەرگیز وازی لێ ناهێندرێت”.

Back to top button