ویستێكی جه‌نه‌راڵی چیاكان بۆ سه‌ربه‌خۆی كوردستانی گه‌وره‌ ئاشكرا ده‌بێت

١٤ی ئادار یادی ھاتنە دونیای کەسایەتیەکی ھەڵکەوتوویی و مێژوویی کوردە کە ئەویش مەلا مستەفای بارزانییە، کە لە ساڵی ١٩٠٣ هاتۆته‌ دونیا، ئەو بە تەنیا خەباتی شۆڕشگێڕی لە ناوچەیەکی دیاریکراوی کوردستان چڕ نەکردۆتەوە، بەڵکو لە ساڵی ١٩١٩ دیتە سلێمانی و بەشداریی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید دەکات و سەرکردایەتیی ھێزێکی ٣٠٠ کەسی پێ دەسپێردرێت، دواتر لە ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە دەنێردرێت بۆ لای شێخ سەعیدی پیران لە باكووری کوردستان بە مەبەستی ھەماھەنگیکردن لەگەڵ شۆڕشەکەیدا.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، بەشێک لە کەسایەتی و بنەماڵە ناوداره‌کانی سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری لە یادی لەدایکبوونی مەلا مستەفا بارزانی، بە گرنگیەوە باس لەو قوناغانە دەکەن کە جەنەراڵ بارزانی لە سلێمانیدا بڕیویەتی و دەڵێن: “مسته‌فا بارزانی بە تەنها خەمی ناوچە و پارچەیەکی کوردستانی نەبووەو ویستویەتی تەواوی بەشەکانی کوردستان سەربەخۆ بن”.

شێخ سالار حەفید، نەوەی کاک ئەحمەدی شێخی سلێمانی، لەپاڵ ئارامگای کاک ئەحمەدی شێخ و مەلیک مەحمود شاھیدی بۆ ئەوە دەدات کە مەلا مستەفا به‌ بنه‌مای ڕاوێژكردن كاری کردووە و تەواوی ژیانی بۆ گەیشتنی کورد بە قەوارەی خۆی تەرخان کردبوو.

بارزانی کە دێتە سلێمانی وەکو زۆربەی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی ھەڵگری پێشگر و نازناوی شێخ دەبێت، بەڵام کاتێک لای مەلا مستەفای سەفوەت باوکی پرۆفیسۆرعزەدین مسەتەفا وانەی مەلایەتی دەخوێنێت ئیتر بە مەلا مستەفا ناوی دەھێنرێت.

سۆت/ عزەدین مستەفا رەسوڵ، کوڕی مەلا مستەفا رەسووڵی سەفوەت، کە خاوەنی زیاتر لە ٩٠ کتێبی چاپکراوە، داواکارە نووسینی زیاتر لەبارەی ژیان و خەباتی مەلا مستەفا بخرێتە کتێبخانەی کوردی و دەڵێت ئەو ژیانی بە کوردبوونی کەرکوک بەخشیوە.

له‌ یەکێک لە گوندەکانی شارباژێری سەخت به‌ناوی “پرد” دەروێش ئاغا كه‌ لەبنەماڵەکەیدا ٢١ شەھیدیان لە پێناو کوردایەتیدا گیانیان بەخشیوە، بە ئارامی مێژوویەکی پڕ لە قوربانیدان باس دەکات، تا نەوەی داھاتوو سەختیەکانی ڕابردوو لە بیر نەکەن و ئومێدیشی ھەیە خوێنی شەھیدەکانیان بە هه‌ده‌ر نەرۆیشتووە لە پێناوی سەربەخۆییدا.

٠٦/١٠/١٩٩٣  تەرمی جەنەرال بارزانی و ئیدریس بارزانی لە شاری شنوی رۆژھەڵاتەوە دەگاتەوە سلێمانی و ھەولێر و ناو پەرلەمانی کوردستان و تا بەخاک سپاردنیان لە بارزان، بە سەدان ھەزار کەس لە ھەموو چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و به‌ دیاریكراویش له‌ نێویاندا پیاوانی ئایینی و کەسایەتییه‌كانی کورد و تورکمان و ئاشووری و عەرەب لە پێشوازیدا بوون .

چوارده‌ی سێ ساڵیادی له‌دایك بوونی مه‌لا مسته‌فای بارزانی رابه‌ری بزاڤی رزگاری خوازی كورده‌، مسته‌فا بارزانی  له‌ چوارده‌ی سێی ساڵی 1903 له‌دایك بووه‌و له‌ ساڵی 1979 له‌ته‌مه‌نی 76 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووه‌، ئه‌ورابه‌ره‌ ته‌واوی ته‌مه‌نی خۆی له‌پێناو به‌دیهێنانی خواست و مافه‌ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌ی ته‌رخانكردووه‌.

 سه‌رچاوه‌: ك24
Back to top button