پارتی گۆڵێکی دیکەی لە ھەمووان کرد

ئاسۆ حاجی
لێستاندنەوەی متمانە لە ھۆشیار زێباری لەلای پارتی تەنھا سەرەتایەکی دیکەیە بۆ یاریەکی گەرمتر کە گۆڕەپانەکەی بەغدایە، یاریەک کە پارتی ھەمان تەکنیک و تەکتیکی نەیارەکانی بەکاردەھێنێتەوە و دەیانخاتە خزمەت ستراتێژیەتەکەی خۆی کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانە.
ئەوانەی پێیان وایە تۆڵەیان لە پارتی کردووەتەوە یان لە بەر چاوی خەڵک پشتیان لە زەوی داوە، سەرچیخ چووینە و زۆریان بە کەم گۆڕیوەتەوە، ئەوان بەو کارەیان باشترین بەھانەیان دایە دەست پارتی کە لەو قۆناغە خاوەندارێتی بیر و پڕۆژەی سەربەخۆیی دەکات، یاریە دیموکراسیەکە کە بە دوورخستنەوەی وەزیرێکی ئەو دەستی پێکرد درێژ بکاتەوە تا دەیگەینێتە مافی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی.
چۆن ئەوان مافیان ھەبوو تەختە سپیەک بۆ ھەژمارکردنی دەنگدانەکان بە ‘نعم’ یان بە ‘لا’ لە ناوەڕاستی ھۆڵی پەڕلەمان دابنێن و وێنەی سەرکەوتنی لە تەنیشت بگرن، بەھەمان شێوە مافی خەڵکی کوردستانە سندوق یان تەختە سپی لە ناوەڕاستی شارەکان دابنێن و بەڵێ و نایەکان لەبەرامبەر تاکە پرسیارێک ‘سەربەخۆیت دەوێ یان نا’ ھەژمار بکەن ئەو کات وەدیار دەکەوێت کێ دوا وێنەی سەرکەوتن بە خەندە و قاقای کوردستانیان بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە  دەبەخشێ، بەڵای پارتیەکانەوە تازە گەمەکە دەست پێدەکات و دەڵێن گۆم تا قووڵ بێ مەلەی تێدا خۆشترە، چونکە دڵنیان ھەزاران پێشمەرگە و ڕۆڵەکانیان وێنەی سەرکەوتن لەگەڵ تەختە سپیەکەی ڕیفراندۆم دەگرن.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا بە تایبەتی وێنە ئیستفزازیەکانی فەتلاوی و ڕەفیقەکانی گۆتنێکی ڕەوان شاد سامی عەبدولرەحمانی بیرھێنامەوە کە دەیگووت “ئەوەی ئاخیری پێدەکەنێت زۆر پێدەکەنێت”.
Back to top button