عەلی عەونی: لە ڕێککەوتنەکەی بەغدا و هەولێر حیساب بۆ خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەکرا

دوای رێككەوتنەكەی نێوان هەولێرو بەغدا, ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، لەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کراوە، ”هیچ حیسابێک“ بۆ گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتبەر نەکراوە.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، ئەو خیانەتەکەی ”کۆمەڵە کەسێکی خۆفرۆش و سەرلێشێواو“ کردیان، زوڵمێکی گەورە بوو و دواخستنێکی بەرچاویشی لە هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاواتەکانی کورد دا.

ڕوونیشی کردەوە: ”ئێستا دەبینین وردە وردە حکوومەتی عێراق بە ناچاری مل دەداتە بەر ویست و داواکاریی ئەو بەرەیەی کوردستان کە شەڕی لە دژی هێزە داگیرکەرەکانیان کرد و خۆی بە دەستەوە نەدا“.

عەلی عەونی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری بە ”خیانەتی ساڵی ١٩٦٦“ی هەمان باڵ و گرووپ بەراورد کرد و ئاشکرای کرد، لە کاتی ڕێککەوتنی ١١ی ئازاردا، حکوومەتی ئەوسای عێراق ”هیچ گوێی بەو خیانەتکارانە نەدا“، بەڵام سەرکردەکانیان هاتنە حاجی ئۆمەران و لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕش ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاریان واژۆ کرد. گوتیشی: ”لە ڕێککەوتنەکەی ئەم چەند ڕۆژەی نێوان هەولێر و بەغداش، هیچ حیسابێک بۆ گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەکراوە و بەغداش ئەوانی بەهیچ زانیوە“.

بە گوتەی ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەوشی کوردستان لە ئاستێکدا نییە کە سەرانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر دادگایی بکات، ”ئەگینا دەبووایە ئەوانە بخرێنە زیندانەوە“.

عەلی عەونی پرسیاری ئەوە دەکات: ”لاهوو و ئاراس جەنگی و پاڤڵ تاڵەبانی پێگەیان چییە؟ ئەوانە کێن تا بڕیار لە چارەنووسی میللەتێک بدەن؟ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبەکانی خۆیانن؟ بەرپرسی مەڵبەندن؟ چین؟“. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەر ئەو گرووپە ”حزبەکەی خۆشیان توشی بێسەروبەرییەکی زۆر کردووە“.

ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کەرکووک کەوتە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.

Back to top button